لە هەرێمی كوردستان 900 قوتابخانە خوێندنی ئەلكترۆنی جێبەجێ ناكەن

  2020-09-28  | 
 تۆڕی هەواڵی ژیان
بریكاری وەزارەتی پەروەردە ئاشكرای دەكات لە هەرێمی كوردستاندا 900 قوتابخانە هەیە كە ئینتەرنێتیان پێناگات بۆیە بڕیاردراوە لە ناو هۆڵەكاندا بخوێنن.

سەیوان عەلی، بریكاری وەزارەتی پەروەردەی حكومەتی هەرێمی كوردستان، لە دیدارێكی رۆژنامەوانیدا لەگەڵ دەنگی ئەمریكا رایگەیاند: سەرژمێری و لێكۆڵینەوەمان كردووە نزیكەی 900 قوتابخانە هەیە لە هەرێمی كوردستاندا كە لە 900 گوندان ئینتەرنێتیان پێناگات.

ئەو لەبارەی شێوازی خوێندنی قوتابیانی ئەو ناوچانە رایگەیاند: ئەم 900 گوندە وتومانە پێویستە لەخوێندنگاكاندا دەوام بكەن و بڕۆنەوە قوتابخانەكان خۆشبەختانە ئەو قوتابخانانە قوتابیان كەمترە لە قوتابخانەكانی ناوشار ، بۆ نموونە قوتابخانە هەیە لە لادێیەكدا 12-15 قوتابی هەیە یان لەوانەیە ژمارەی قۆناغی 12 بە دوو- سێ دێ ژمارەیان بگاتە 15 كەس.

بریكاری وەزیری پەروەردە راشیگەیاند، بەستنی ماسك بۆ خوێندكار و مامۆستایان كراوەتە مەرج و دەشڵێت: بوار دەبێت لە قوتابخانەی لاێكانیشدا كە لەناوپۆلدا وانە بخوێنن وە لە ڕێنماییەكاندا ئەوەشی تێدایە كە ئەو قوتابخانانەی ئینتەرنێتیان ناگاتێ بە گوێڕایەڵی بۆ ڕێكارە تەندروستیەكان دەوامی خۆیان دەكەن لە قوتابخانەكاندا.

سەیوان ئەوەشی ئاشكرا كرد: تەلەفزیۆنی پەروەردە كارا دەكرێت بەشێوەیەك كەبگاتە هەموو ماڵێك و وانەكان بەشێوەیەكی گشتی بەپێی توانا شەرح بكات بۆ قوتابیەكان كە توانای ئەوەیان نییە كە ئینتەرنێت و ئەو شتانە بەكاربهێنن.


ڕیکلام