بەختیار عەلی: پێویستە بڕیارەکەی وەزارەتی ڕۆشنبیری بخرێتە سەتڵی خۆڵەوە

  2020-09-28  | 
 تۆڕی هەواڵی ژیان
رۆماننوس بەختیار عەلی ڕایگەیاند بڕیارەکەی وەزارەتی رۆشنبیری هەوڵێکی ڕاستەوخۆیە بۆ زیندووکردنەوە و سەپاندنەوەی سیستمی سانسۆر بەسەر کتێب و چاپەمەنیدا. ئەم بڕیارە و ئەو بەڵگانەی خراونەتە ڕوو بۆ جوانکردن و بە ئاسایی دەرخستنی، تەنیا دەمامکن بۆ شاردنەوەی جەوهەری نادیموکراتی بڕیارەکە.

بەختیار عەلی لەنوسێنێکدا لە پەیجی فەرمی خۆی نوسیویەتی "سەپاندنی سانسۆر لە ناو سیستمە هەرە دیکتاتۆرییەکاندا مایەپوچ بووە و زەمینەی نەماوە، ئەمڕۆ لەسەر دەمی ئینتەرنێت و نەمانی سنوورەکاندا هیچ کەس ناتوانێت سانسۆر بخاتە سەر وشە و داهێنان، هیچ وشەیەک و هیچ تێکستێک نییە کەس بتوانێت ڕێگای لێبگرێت بگاتە خەڵک".

ئاماژەی بەوەشکردوە پێویستە بڕیارەکە لەلایەن هەموو ڕۆشنبیران و دەزگاکانی بڵاوکردنەوە و چاپخانەکانەوە بە یەک دەنگ ڕەتبکرێتەوە و جێبەجێ نەکرێت، چونکە گەر بڕیارەکە بە زووترین کات و بێ هیچ چەندوچونێک نەوەستێنرێت، شتی ترسناکتری بەدوادا دێت، ئەم بڕیارە لە مەودای دووردا تەنیا نوسەران و ئەهلی کتێب ناگرێتەوە، بەڵکو تێدەپەڕێت بۆ هونەرمەندان و شانۆکاران و سینەماکارانیش .

بەختیار عەلی ڕاشیگەیاندوە ئەو وەک وەک ناڕەزاییەک، لە چەند هەفتەی داهاتوودا کاتێک ڕۆمانە نوێیەکەم چاپدەکەم، بۆ یەکەم جار بەبێ وەرگرتنی ژمارەی سپاردن چاپی دەکەم و لە جێگای ژمارەی سپاردن تێکستی دژ بە سانسۆر و سەرکوتی فیکری دەنوسم.

 ئەو نوسەرە هیواشتی خواستوە ناچاری کاری لەوە شێوەیەی نەکەن و هەرچی زووە بڕیارەکە بدڕێندرێت و بخرێتە سەتڵی خۆڵەوە، ئەوانەشی لە پشتی ئەم بڕیارەوەن تێبگەن کوردستان لە کێشە و گرفتی کەم نییە تا داهێنان لە دروستکردنی کێشە و گرفتی تازەدا بکەن، لەوەش دڵنیابن ئەم بڕیارە هیچ مانایەکی نییە و ناتوانێت ڕێگا لە یەک وشە بگرێت بگاتە خوێنەران .

بەختیار عەلی باسی ئەوەشیکردوە عەقڵییەتی پشت ئەم بڕیارە عەقڵییەتێکە هێشتا تەواو تێنەگەیشتووە ئێمە لە چ سەردەمێکدا دەژین، باوای دابنێین وەزارەتی ڕۆشنبیریی، وەک فاشیستە گەورەکانی مێژوو پۆلیس دەخاتە گیانی کتێب و دەکەوێتە کۆکردنەوە و سووتاندنی کتێبەکانمان، ئایا بیریان لەوە نەکردۆتەوە ناتوانن ڕێگا لەوە بگرن لە ڕێگای نێتەوە بگەینە خوێنەران، بیریان لەوە نەکردۆتەوە چ باجێکی مێژوویی قورسە و بەر چ نەفرەتێکی مێژوویی دەکەون کاتێک ناویان وەک قارەمانی هێنانەوەی سانسۆر، دەچێتە مێژووی نوسین و ئەدەبیاتی کوردەوە .

ئەو نوسەرە ئاماژەی بەوەشکردوە بەرپرسان لە وەزارەتی ڕۆشنبیریی دەبێت لەوە دڵنیابن، دامەزراندنەوەی سیستمی سانسۆری دەوڵەتی بەو مۆدێلە کلاسیکییەی زەمانی بەعس، وەک ئەوان بیری لێدەکەنەوە، خەیاڵێکی منداڵانە و ناتەندروستە، سانسۆر جارێکی تر ناگەڕێتەوە بۆ کوردستان، سانسۆر و ئەو عەقڵییەتەشی بڕوای پێیەتی جێگایان وەزارەتی ڕۆشنبیریی نییە، بەڵکو جێگایان مۆزەخانەکانە .

ئەوە لەکاتێکدایە لەچەند رۆژی ڕابردوودا وەزارەتی رۆشنبریی بڕیاریکی دەرکردوە و ڕایگەیاندوە پێدانی ژمارەی سپاردن بە کتێب و بڵاوکراوەکان لەلایەن لیژنەیەکەوە بێت بە لەبەرچاوگرتنی بەرژەوەندییە باڵاکانی وڵات.


ڕیکلام