وەزارەتی ڕۆشنبیری وەڵامی نوسەران و ڕوناکبیرانی دایەوە

  2020-09-28  | 
 تۆڕی هەواڵی ژیان
وەزارەتی ڕۆشنبیری و لاوانی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لەڕوونکردنەوەیەکدا وەڵامی نوسەران و ڕۆشنبیرانی دایەوە و ڕایگەیاند، ڕێکخستنەوەی پێدانی ژمارەی سپاردنی کتێب، لەبەر رۆشنایی یاسای چاپەمەنیی هەرێمی كوردستان دەرکراوە و هیچ هەوڵێك بۆ بەرتەسكردنەوەی ئازادی نییە.

دەقی ڕوونکردنەوەکەی وەزارەتی ڕۆشنبیری و لاوان:

بڵاوكردنەوەی فەرمانێكی وەزاریمان بۆ رێكخستنەوەی پێدانی ژمارەی سپاردنی كتێب، نیگەرانی نووسەران‌و رووناكبیرانی كوردستانی لێكەوتەوە، وەك هۆكارێك بۆ بەرتەسكردنەوەی ئازادیی چاپكردنی كتێب لێكیان دایەوە، بۆیە بەپێویستمان زانی ئەم روونكردنەوەیە بڵاو بكەینەوە :

1-ئەو فەرمانەمان پشتی بە رێنمایی ژمارە(6)ی ساڵی 1999ی وەزارەتی رۆشنبیری بەستووە، كە ئەویش لەبەر رۆشنایی یاسای چاپەمەنیی هەرێمی كوردستان ژمارە(10)ی ساڵی 1993 دەرچووە .

كە لەمادەی نۆی ئەو یاسایەدا زۆر بەروونی بڵاوكرنەوەی ئەو بابەتانەی قەدەغە كردووە كە جنێوو تانوت لێدان‌و ناوزڕاندنی كەسان‌و دەستدرێژی بۆ سەر حورمەتی ئاین‌و مەزهەبەكان‌و داب‌و نەریت‌و سیستمی گشتی تێدا بێ‌ .

2-فەرمانەكەی وەزارەتمان جەختی لەو مادە یاساییە كردۆتەوە، هیچ نێتێكی خراپی بۆ بەرتەسككردنەوەی ئازادیی بیروڕا لەپشتەوە نییە .

3- ئەم فەرمانە بۆ رێكخستنەوەی پێدانی ژمارەی سپاردنە، بەجۆرێك رێگە لەبڵاوكردنەوەی ئەو كتێبانە بگرێ‌ كە زمانی كوردی دەشێوێنن، دارشتن‌و رێزمانی كوردی‌و خاڵبەندی لەبەرچاو ناگرن .

هەروەها بۆ ئەوەی كتێبەكان مافی خەڵكی دیكە پێشێل نەكەن‌و سنورێك بۆ جنێودان‌و ناوزڕاندن دابنرێت .

4-ئەمڕۆ 27-9-2020، بریاری پێكهێنانی لیژنەی باڵای پێدانی ژمارەی سپاردن بەسەرۆكایەتیی جێگری بەرێوەبەری گشتیی كتێبخانە گشتییەكان‌و ئەندامێتی بەرێوەبەری كتێبخانە گشتییەكانی پارێزگاكانی هەولێرو سلێمانی ‌و دهۆك‌ و هەڵەبجە ‌و ئیدارەی گەرمیان درا‌و لەپارێزگاكانیش لیژنەی لاوەكی دروست دەكرێ‌ بۆ وەرگرتنی داوای ئەو نووسەرانەی داوای ژمارەی سپاردن دەكەن‌ و ناردنی بۆ لیژنەی باڵا لەرێی ئیمەیلەوە.

 ئەوە بۆ یەكەمجاریشە داوای ژمارەی سپاردن لە هەڵەبجە‌و گەرمیان وەردەگیرێت، ئەوەش بۆ كارئاسانی بۆ نووسەران‌و رووناكبیران .

5- نووسەران‌و رووناكبیرانی خۆشەویست دڵنیا دەكەینەوە، هیچ هەوڵێك بۆ بەرتەسكردنەوەی ئازادی نییە، وەزارەتی رۆشنبیری‌و لاوان هەردەم داكۆكیكاری مافەكانی نووسەران‌و رووناكبیران‌و ئازادی بیرورا دەبێ‌ .

وەزارەتی رۆشنبیری‌و لاوان

27-9-2020



ڕیکلام