ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم داوا لە حكومەتی فیدڕاڵی دەكات ھەرچی زووە بەشە بودجەی ھەرێم خەرج بكات تا لە نزیكترین دەرفەتدا، لەگەڵ داھاتی ناوخۆی ھەرێم، موچە دابەش بكرێت.
ئەمڕۆ چوارشەممە 2020/9/30 ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان كۆبوویەوە و تیایدا هەر یەك لە ڕێبەر ئەحمەد وەزیری ناوخۆ و خالید شوانی وەزیری هەرێم بۆ كاروباری دانوستان، ڕاپۆرتێكیان دەربارەی دەستپێكردنەوەی دانوستان لەگەڵ حكومەتی فیدرالی سەبارەت بە ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی هەرێمی كوردستان پێشكەش كرد.
ئەنجومەنی وەزیران نەخشەڕێگا و پلان و ڕاسپاردە پێشنیاركراوەكانی راپۆرتی ئەو دوو وەزارەتەی پەسەندكرد و لیژنەكەشی ڕاسپارد بۆ دەستپێكردنی جێبەجێكردنی و بەردەوامیدان بە هەوڵەكانی پێشوو لەم دۆسیەدا و سەردانكردنی دەسەڵاتە فیدڕاڵییەكان لە بەغدا لە نزیكترین دەرفەتدا و كاركردنی جدی بۆ جێبەجێكردنی ماددەی 140 ی دەستوور.
هەر لەو كۆبوونەوەیەدا ئامانج ڕەحیم، سكرتێری ئەنجومەنی وەزیران، ڕوونكردنەوەی یاسایی و دارایی دەربارەی موچە لە كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستان خستەڕوو.
ئەنجومەنی وەزیران داوای لە حكومەتی فیدڕاڵی كرد "هەرچی زووە بەشە بودجەی هەرێم خەرج بكات تا لە نزیكترین دەرفەتدا ، لەگەڵ داهاتی ناوخۆی هەرێم، موچە دابەش بكرێت".
ئەنجومەنی وەزیران "پێشنیاری وەزارەتی دارایی و ئابووریشی پەسەندكرد بۆ زیادكردنی تەمویلی موچەی داھاتوو بۆ 82٪ لە بری 79٪ و كەمكردنەوەی ڕێژەی ڕاگرتنی تەمویل لە 21٪ بۆ 18٪".