لە دوو رووداوی جیاواز لە كەركوك چوار كەس كوژران

  2020-10-01  | 
دۆسیە:  کەرکوک
 تۆڕی هەواڵی ژیان
لە دوو رووداوی جیاوازدا لە شاری كەركوك چوار كەس كوژران كە یەكێك لە كوژراوەكان كە ژنێك بووە لەلایەن برایەكیەوە كوژراوە.

بەیانی ئەمڕۆ دوای دروست بوونی كێشە لە نێوان ژنێك لەگەڵ هاوژینەكەیدا كاتێك دەگەڕێتەوە بۆ ماڵی باوكی لەلایەن برایەكیەوە بە فیشەك دەكوژرێت. 

رووداوەكە لە گەڕەكی پەنجا عەلی  بووە و ژنەكە بەرەگەز كوردە و تەمەنی 20 ساڵانە، دوای ئەوەی براكەی كوشتویەتی هەڵهاتووە بۆ شوێنێكی نادیار، پۆلیس لێكۆڵینەوەی لە رووداوەكەی كردووە. 

هاوكات پۆلیس لێكۆڵینەوەی لە كوشتنی خێزانێكی بە رەگەز عەرەب دەست پێكردووە كە ئاوارەی موسڵن لە كیڵگەیەكی پەلەوەری كاریان كردووە ژمارەیەك چەكدار چوونەتە سەریان و لە كاتی خەودا كوژراون. 

هەرچەندە رووداوەكە لە سنوری ناحیەی لەیلان روویداوە بەڵام تا ئێستا نەزانراوە كە رووداوەكە تاوانێكی كۆمەڵایەتیە یان رووداوێكی تیرۆریستی بووە، بەڵام لە دوای رووداوەكە كەسێكی نزیكی ئەو خێزانە خۆی رادەستی پۆلیس كردووە كە وتویەتی ئەو چەكدارانە ناچاریان كردووە شوێنی مانەوەی ئەو خێزانەیان پێ بڵێت.