نرخی ئەمپێری کارەبای مۆلیدە لە کەرکوک دیاریکرا

  2020-10-01  | 
نرخی ئەمپێری کارەبای مۆلیدە لە کەرکوک دیاریکرا
ئەرشیڤ
کەرکوک
 سۆران عەبدولکەریم
نرخی ئەمپێری کارەبای مۆلیدە لە کەرکوک بۆ مانگی ئەیلولی ڕابردوو دیاریکرا، بەرزی نرخەکەش نیگەرانی هاوڵاتیانی شارەکەی لێکەوتەوە و قایمقامیش لەوبارەیەوە ڕونکردنەوە دەدات .

قایمقامیەتی کەرکوک و لیژنەی مۆلیدە ئەهلیەکان نرخی ئەمپێری مۆلیدەیان بۆ مانگی ئەیلولی ئەمساڵ دیاریکرد، نرخەکە بەپێی جوگرافی و گەڕەکەکان لەنێوان ١١ هەزار بۆ ١٢ هەزار دینار دیاریکراوە، ئەو نرخەش لەساڵانی ڕابردوودا بەتایبەت لەم کاتەدا هاوشێوەی نەبووە ونیگەرانی هاوڵاتیانی بەدوای خۆیدا هێناوە.

لەو بارەیەوە فەلاح یایچلی قایمقامی ناوەندی کەرکوک بەتۆڕی هەواڵی ژیانی ڕاگەیاند، بەهۆی خراپی ڕەوشی کارەبای نیشتیمانی لەشارەکە ناچاربوین ئەو نرخانە دیاری بکەین، چونکە فشارێکی زۆری خاوەن مۆلیدەکانمان لەسەرەوە و ئاگادارین کە ڕۆژانە زیاتر لە ١٥ کاتژمێر کار بەمۆلیدەکانیان دەکەن.

ئاماژەی بەوەشکرد، ڕەوشی کارەبای نیشتیمانی لەشارەکە ماوەی دوو هەفتەیە ئاستێکی خراپی بەخۆیەوە بینیوە و بەردەوام وناوبەناو تاوەرەکانی گواستنەوەی کارەبا لەبەغداوە بۆ کەرکوک بەئامانج دەگیرێن.

قایمقامی ناوەندی کەرکوک ڕاشیگەیاند، کەرکوک مانگانە پێویستی بە ١١٠٠ مێگاوات کارەبایە، بەڵام بەغدا نیوەی ئەو بڕەیە  بۆ کەرکوک دابیندەکات، ئەمەش هۆکارە بۆ بەرزی نرخی مۆلیدە و لەگەڵ باشتربوونی ڕەوشی کارەبا نرخەکان گۆڕانکاریان بەسەردا دێت.