فەڕەنسا.. بەتۆمەتی پەیوەندییان بە ڕووداوی سەربڕینی مامۆستایەک نۆ کەس دەستگیرکران

  2020-10-17  | 
پاریس
بەتۆمەتی پەیوەندییان بە ڕووداوی سەربڕینی مامۆستایەک لە فەڕەنسا نۆ کەس دەستگیرکران
 تۆڕی هەواڵی ژیان
بەتۆمەتی پەیوەندییان بە ڕووداوی سەربڕینی مامۆستایەک لە فەڕەنسا نۆ کەس دەستگیرکران کە دوو کەسیان دایک و باوکی خوێندکارێکی مامۆستاکەن.

میدیاکانی فەڕەنسا بڵاویانکردەوە، شەوی ڕابردوو له ‌نزیك خوێندنگایەک لە شارۆچکەی كۆنفڵانس ساینتی هۆنۆرین لە باكوری ڕۆژئاوای پاریسی پایته‌ختی ‌فەڕه‌نسا، مامۆستایه‌كی مێژوو له‌لایه‌ن کەسێکەوە سه‌ربڕدراوە.

ئاماژەیان بەوەشکردووە، بەوتەی بەرپرسانی دادوەری فەڕەنسا لە پەیوەندی بەو ڕووداوە نۆ کەس دەستگیرکراون کە دوو کەسیان دایک و باوکی خوێندکارێکی مامۆستاکەن.

شەوی ڕابردوو لە شارۆچکەی كۆنفڵانس ساینتی هۆنۆرین کەسێک بە وتنەوەی ئەڵڵاهو ئەکبەر و بەچەقۆ هێرشیکردەسەر مامۆستایەکی مێژوو و جوگرافی بەناوی ساموێل پەتی تەمەن ٤٧ ساڵ و سەریبڕی، داوی چەند خولەکێک هێرشبەرەکە بە تەقەی هێزە ئەمنییەکان کوژرا.

هێرشبەرەکە تەمەنی ١٨ ساڵ بووە و بەڕگەز چیچانی بووە.

بەپێی میدیاکانی فەڕەنسا، پێشتر مامۆستاكه‌ لەناو ‌پۆلدا و له‌كاتی وانه‌ وتنه‌وه‌دا، وێنه‌ی كاریكاتێری پێغه‌مبه‌ری موسوڵمانان، محه‌مه‌د (د.خ)ی پیشانی خوێندكارەكانی داوە، بەوهۆیەشەوە چەندین جار روبەڕووی هەڕەشە بووەتەوە.

ئەم ڕووداەوە لە کاتێکدایە کە تاوەکو ئێستاش دۆسیەی دادگاییکردنی گروپێکی توندڕوەی ئیسلامی سەبارەت بە هێرشکردنیان بۆ سەر ناوەندی گۆڤاری شارلی هیبدۆ لە پاریس دانەخراوە.

ساڵی ٢٠١٥ و دوای بڵاوکردنەوەی كاریكاتێرێکی پێغه‌مبه‌ر محه‌مه‌د (د.خ) لە گۆڤاری شارلی هیبدۆ، ژمارەیەک چەکدار هێرشیانکردە سەر ناوەندی گۆڤارەکە و لە ئاکامی هێڕشەکەشدا ١٢ کارمەند و لەناویشیاندا سەرنوسەری گۆڤارەکە، کوژران.



ڕیکلام