وەزیری شەهیدان: ئەو زیندانییە سیاسیانەی موچەی دیکەیان نیە مینحەکەیان بەردەوام دەبێت

  2020-10-18  | 
 تۆڕی هەواڵی ژیان
وەزیری کاروبارى شەهیدان و ئەنفالکراوان ڕایگەیاند مینحەى ئەو زیندانییە سیاسییانەى کە هیچ مووچەیەکى تریان نییە بەردەوام دەبێت.

عەبدوڵا حاجی مەحمود وەزیری شەهیدان وئەنفالکراوان ڕاشیگەیاند بەپێی فەرامانی مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێم خەرجکردنی مینحەی ئەو زیندانییە سیاسیانەی 10 ساڵەکەیان تەواوکردوە و هیچ موچەیەکی دیکەیان نیە بەردەوام دەبێت.

ئاشکراشیکرد ئەوەش بە مەرجێک لەلایەن وەزارەتی شەهیدانەوە و بەهەماهەنگی لایەنە پەیوەندییدارەکان و لە چوارچێوەی یاسای چاکسازیدا پێداچونەوە بە لیستی ناوەکانیان بکرێت و پشتڕاستی شایستەبوونیان بکرێتەوە.

ئاماژەی بەوەشکردوە بڕیارەکە بە لەبەر چاوگرتنى بژێوى ژیان و گوزەرانى زیندانیانى سیاسى ئەوانەى تەنها ( لە مینحەى زیندانیانى سیاسى ) سوودمەندن و هیچ مووچەى تریان نییە دەرچووە.

ئەوە لەکاتکێدایە بەپێی یاسای زیندانیانی سیاسی بۆ ماوەی 10 ساڵ مینحەکەیان پێ دەدرێت و لەم ماوەیەش ئەو 10 ساڵە کۆتایی هات،بەو هۆیەشەوە چەندین جار زیندانیانی سیاسی گردبونەوە  داوایانکرد مینحەکەیان بەردەوام بێت.