هەرێم: پابەدین بە بڕیارەکانی ئۆپیک بەڵام پێویستە بەغدا قەرەبوومان بکاتەوە

  2020-10-22  | 
 تۆڕی هەواڵی ژیان
وتەبێژی حکومەتی هەرێم ڕایگەیاند پابەندن بە بڕیاری وڵاتانی ئۆپیک پڵەس تایبەت بە کەمکردنەوەی بڕی بەرهەمهێنانی نەوت بەڵام دەبێت بەغدا قەرەبووی ئەو کەمکردنەوەیە بکات ئەگینا ناتوانین کاروباری خۆمان بەڕێوەبەرین.

جوتیار عادل وتەبێژی حکومەتی هەرێم لە ڕونکردنەوەیدا ڕایگەیاند بەرهەمی نەوتی خاو لەهەرێمی كوردستان ڕێژەكەی لە 10% تێپەڕ ناكات لەكۆی بەرهەمی گشتی عیراق .

وتەبێژی حکومەت دەڵێت" حكومەتی هەرێمی كوردستان هیچ لارییەکی لە كەمكردنەوەی بەرهەم نیە بەپێی ڕێژەیەكی دادپەروەرانە كە لەگەڵ حكومەتی فیدراڵ رێككەوتنی لەسەر بكرێت بەرانبەر ئەوە حكومەتی فیدراڵ بڕی شایستەی هەرێمی كوردستان دابین بكات لەو پارەیەی لەئەنجامی ئەم كەمكردنەوەیە لەدەستی دەدات.

ئاماژەی بەوەشکردوە ئەگەر ئەوە نەکرێت بەپێچەوانەوە هەرێم ناتوانێت كاروباری خۆی بەڕێوە ببات وناشتوانێت خەرجیە سەرەكیەكانی خۆی دابین بكات لەسەرووی هەمووشیانەوە مووچەی فەرمانبەران .

جوتیار عادل ڕاشیگەیاندوە بەغدا بودجەی هەرێمی لە 450 ملیار بۆ 320 ملیار دینار مانگانە كەم كردۆتەوە، ئەمە جگە لەدابەزینی ئاستی داهاتی غەیرە نەوتی بەهۆی كاریگەریەكانی پەتای كۆڕۆنا (كوفید- 19) ونەناردنی بەشە موچەی فەرمانبەرانی هەرێم لەلایەن حکومەتی فیدراڵەوە بۆ مانگی پێنج وشەش وحەوتی ٢٠٢٠ .

وتەبێژی حکومەتی هەرێم دەشڵێت ئەم بارودۆخە پێویستی بەوە دەكات حكومەتی فیدراڵ ڕەچاوی قەیرانی سەختی دارایی هەرێمی كوردستان بكات كە لە شوباتی 2014ـەوە پێیدا تێدەپەڕێت .

ئەوە لەکاتێکدایە بەپێی بڕیاری ئۆپیک پڵەس پێویستە عێراق رۆژانە یەک ملیۆن بەرمیل نەوت بەرهەمهێنان کەمبکاتەوە لەو بڕەش بەشێکی بەر هەرێمی کوردستان دەکەوێت.