بەهۆی ژێرئاوکەوتنی بەلەمێک 15 کۆچبەر گیانیان لەدەستدا

  2020-10-22  | 
بەهۆی ژێرئاوکەوتنی بەلەمەک 15 کۆچبەر گیانیان لەدەستدا
 تۆڕی هەواڵی ژیان
نوێنەری فیدراسیۆنی سەرانسەری پەنابەرانی عێراق رایگەیاند، بەهۆی ژێرئاوکەوتنی بەلەمێک، لە نزیک کەناراوەکانی لیبیا، ١٥ کۆچبەر گیانیان لەدەستداوە .

هیوا خدر، نوێنەری فیدراسیۆنی سەرانسەری پەنابەرانی عێراق لە راگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، رۆژی 20ی ئەم مانگە، لەنزیک کەناراوەکانی لیبیا، 15 کۆچبەر دوای ژێرئاوکەوتنی بەلەمەکەیان لە دەریایی سپی ناوەڕستدا، گیانیان لەدەستداوە.

ئاماژەی بەوەشکرد، ژێرئاوکەوتنی بەلەمی کۆچبەرەکان لە نزیک کەناری سامبراتا بوە بە دوری 70 کیلۆمەتر لە ڕۆژئاوای شاری تەڕابلوس.

سەبارەت بەو رووداوەش،  رێکخراوی کۆچی نێودەوڵەتی رایگەیاند، 21ی ئەم مانگە چەند ماسیگرێک تەرمی پێنج لەو پەنابەرانەیان دۆزیوەتەوە، دواتریش پۆلیسی ئێشکگری دەریایی لیبیا بڵاویکردەوە، 70 کۆچبەریان لە هەمان ناوچە لەبەلەمێکدا دەستگیرکردوە و گەڕاندویانەتەوە لیبیا .

دوای ڕوخاندنی دەسەڵاتی موعەمەر قەزافی، سەرۆکی پێشوی لیبیا لەساڵی 2011دا کەناراوەکانی لیبیا بووەتە دەروازەیەکی تر بۆ پەڕینەوەی کۆچبەران بەرەو ئەوروپا کە تەنها 300 کیلۆمەتر دورە لە کەناراوەکانی ئیتاڵیا .

بەپێی ئامارەکانی پۆلیسی ئێشکگری لیبیا، لەمساڵدا 10 هەزار کۆچبەریان لە دەریایی سپی ناوەڕاست دەستگیرکردووە کە بەنیازبون بپەڕنەوە بۆ وڵاتانی ئەوروپا.