لاهور شێخ جەنگی بارودۆخی كەركوكی لەگەڵ لایەنە سیاسییەکانی بەغدا تاوتوێکرد

  2020-10-22  | 
کۆبوونەوەی لاهور شێخ جەنگی هاوسەرۆكی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان و هادی عامری سەرۆكی هاوپەیمانی فەتح
فۆتۆ: پەیجی فەرمی لاهور شێخ جەنگی
بەغدا
 تۆڕی هەواڵی ژیان
هاوسەرۆکی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان بارودۆخی ئەمنیی پارێزگای كەركوكی لەگەڵ لایەنە سیاسییەکانی بەغدا تاوتوێکرد.

ئەمڕۆ پێنجشەممە ٢٢ی١٠ی٢٠٢٠، لاهور شێخ جەنگی هاوسەرۆكی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان سەردانی بەغدای کرد و لە میانی سەردانەکەدا چەندین پرسی گرنگی پەیوەست بە عێراق و هەرێمی كوردستان، لەگەڵ سەركردەی لایەنە سیاسییەكان تاوتوێكرد .

لەم رووەوە هاوسەرۆكی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان سەردانی هادی عامری سەرۆكی هاوپەیمانی فەتحی كرد و بەگەرمی پێشوازی لێكرا .

لە دیدارەكەدا گفتوگۆكرا لەبارەی رەوشی سیاسی ئێستای عێراق و هەڕەشەكانی سەر ئاسایش و ئارامی وڵات و قەیرانی دارایی و پێویستی هەماهەنگی زیاتری نێوان حزب و كوتلە سیاسییەكان .

تاووتوێكردنی بارودۆخی ئەمنی پارێزگاكانی كەركوك و دیالەش تەورێكی دیكەی دیدارەكە بوو، لەو بارەیەشەوە بڕیار درا هاوئاهەنگی نێوان یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان و هاوپەیمانی فەتح زیاتر بكرێت .

هەر لەمیانی سەردانەكەیدا بۆ بەغدا، لاهور شێخ جەنگی هاوسەرۆكی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان پێشوازی لە د. سەلیم جبوری سەرۆكی پارتی كار و وەفدێكی هاوڕێی كرد .

لە دیدارەکەدا رەوشی سیاسی عێراق و سوننەكان و هەڵبژاردنی داهاتووی عێراق و یاسای هەڵبژاردن تاوتوێكران، هەروەك رەوشی پارێزگای دیالە تەورێكی دیكەی دیدارەكەی پێكهێنا.


هەر لەو چوارچێوەیەدا هاوسەرۆكی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان پێشوازی لە وەفدێكی سەركردایەتی سوننە لە پارێزگا جیاجیاكان كرد
.

لەو دیدارەشدا رەوشی سیاسی عێراق بەگشتی و بارودۆخی ناوچە ئازادكراوەكان گفتوگۆی لەبارەوە كرا و تەئكید لەسەر هەماهەنگی زیاتر لەگەڵ سەركردایەتی تازەی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان لە ناوچە دابڕێندراوەكان كرایەوە. 

هەر لە سەردانەکەیدا بۆ بەغدا، هاوسەرۆكی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان پێشوازی لە شێخ ئەحمەد ئەبو ریشە سەرۆكی كۆنگرەی سەحوەی عێراق كرد و لە کۆبوونەوکەدا رەوشی ناوچە ئازادكراوەكان بەگشتی و پارێزگای ئەنبار بەتایبەتی تاوتوێكرا.