پەیمانگای واشنتۆن: گەنجانی عێراق باوەڕیان بە هەڵبژاردن نەماوە

  2020-10-23  | 
 تۆڕی هەواڵی ژیان
بە گوێرەی ڕاپرسییەک کە پەیمانگایەکی بیانی لە شەقامی عێراقی ئەنجامیداوە، دەردەکەوێت چینی گەنجان باوەڕیان بەوە نییە هەڵبژاردنی دۆخی ئێستا بگۆڕێت.

پەیمانگای واشنتۆن بۆ توێژینەوە ڕایگەیاند، بە گوێرەی ئەو ڕاپرسییەی کە لە شەقامی عێراقی ئەنجامیانداوە سەبارەت بە هەڵبژاردنی داهاتووی عێراق، بە تایبەت چینی گەنجان بڕوایان بەوە نییە لە سایەی هەژموونی هێزە تەقلیدیییەکان بەسەر دەسەڵاتی بڕیاردانەوە، هەڵبژاردنی داهاتوو بتوانێت دۆخی سیاسی ئێستا بگۆڕێت.

پەیمانگاکە ئاماژەی بەوەشکردووە، یەکەم مەرجی وەدیهێنانی گۆڕانکاری ڕاستەقینە لە نەخشەی ئەو هێزە سیاسیانەی کە ماوەیەکی زۆرە کۆنترۆڵی پەرەلمان و حکومەتیان کردووە، بەشداریکردنی ڕێژەیەکی زۆری هاوڵاتیانە لە هەڵبژاردنی داهاتوودا، بە پێچەوانەی دوو خولی پێشووەوە.

پەیمانگاکە رایگەیاندووە، لە راپرسییەکی هەڕەمەکیدا کە ٣ هەزار هاوڵاتی عێراقی گرتووەتەوە، دەریدەخات ڕێژەی بەشداربوون لە هەڵبژاردنی داهاتوودا لە ٣٠%ی تێپەڕ ناکات.

ئاماژەی بەوەشکردووە، دوو لەسەر سێی ئەو کەسانەی بڕیانداوە بەشداری دەنگدان نەکەن چینی گەنجانن، کە تەمەنیان لە نێوان ١٨ بۆ ٣٥ ساڵیدایە.

بەگوێرەی ئەو ڕاپرسییەی کە پەیمانگای واشنتۆن بڵاویکردووەتەوە، زیاتر لە ٨٠%ی عێراقییەکان بە گشتی باوەڕیان بە پاکوبێگەردی هەڵبژاردنەکان نییە و ، ڕێژەی ئەو کەسانەش کە متمانەیان بە کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکان نییە گەیشتووە لە ٧٠%.

پەیمانگاکە ئاشکرای دەکات راپرسیەکەی ئەوان دەریخستووە کەمتر لە ١٥%ی عێراقییەکان لەوبڕوایەدان هەڵبژاردنی داهاتوو گۆڕانکاری لە شانۆی سیاسی و نەخشەی سیاسی ئێستای هێزە کاریگەرەکانی ناو پرۆسەی سیاسی عێراقدا دەکات.

لە کۆتایی ڕاپۆرتەکەیدا پەیمانگای واشنۆتن جەختیکردووەتەوە، ئەو ژمارانە ئەوە دەردەخەن کە ئەگەر هەڵبژاردنی داهاتوو لە دۆخی ئیستادا بکرێت و هیچ گۆڕاکارییەک لەسەر بیرو باوەڕی جەماوەری عێراقیدا دروست نەکات، ئەوان بەهیچ شێوەیەک ئەو گۆڕانکارییانە دروست ناکات کە زۆربەی عێراقییەکان ئاواتی پێ دەخوزان، بە تایبەت ئەوانەی کە لەشەقامەکاندا بوون و بەشداری خۆپیشاندانەکان و داوای گۆڕانکارییان دەکرد.

 



ڕیکلام