هەولێر؛ هەر كەسێك سزای نەبەستنی ماسك نەدات دەستگیردەكرێت

  2020-10-26  | 
 دیار حسێن
قایمقامی هەولێر رایگەیاند، هەر هاوڵاتیەك پابەند نەبێت بە بەستنی ماسك و بڕی 20 هەزار دینارەكە غرامە نەدات دەستگیر دەكرێت تا ئەو كاتەی پارەكە رادەست دەكات.


نەبەز عەبدولحەمید، قایمقامی قەزای ناوەندی هەولێر، بە (تۆڕی هەواڵی ژیان)ی راگەیاند: ئێمە بۆ ماوەی چەند رۆژێك هەرێمی كوردستان بەراورد بە رێژەی دانیشتوانەكەی پلەی یەكەمی بەدەست هێنابوو بۆ تووشبوون بە كۆرۆنا، بۆیە لە چوارچێوەی بەیاننامەی كۆتایی وەزارەتی ناوخۆ دوێنێش كۆبوونەوەی ژووری ئۆپراسیۆن ئەنجامدرا. 

ناوبراو روونیكردەوە، بەستنی ماسك بە بڕیاری ژووری ئۆپراسیۆن بووەتە ناچاری و دەبێت هەر كەس لە مالبَ هاتەدەرەوە ماسك ببەستێت، هەر كەسێكیش پابەند نەبێت بەو بڕیارەوە سزا دەدرێت بە بڕی 20 هەزار دینار. 

قایمقامی هەولێر روونیكردەوە، روونیكردەوە هەركەسێك پارەی سزاكە نەدات ئەوكاتە رادەستی نزیكترین بنكەی پۆلیس دەكرێت تا ئەو كاتەی ئەو بڕی سزایە دەدات، ئەو پارەیەشی وەردەگیرێت 50%ی بۆ ئەو كارمەندانەیە كە سزاكان جێبەجێ دەكەن و 50%كەی دیكەشی بۆ پێداویستی خۆپارێزیە بۆ ئەو تیمانە. 

نەبەز عەبدولحەمید ئەوەشی راگەیاند، پرسە و ئاهەنگ و ئەو بابەتانەی كە قەرەباڵغی دروست دەكات سزا دەدرێن بۆ ئەوەش موختاری گەڕەك و بنكەی پۆلیس بەرپرسان لە جێبەجێكردنی ئەو بڕیارە، بۆ ماركێت و شوێنە بازرگانیەكانیش نابێت رێگە بە هیچ كەسێك بدەن بەبێ ماسك بچنە ژوورەوە هەركەسێك رێگری نەكات لەو 10 رۆژ شوێنەكەی دادەخرێت و بە بڕی ملیۆنێك دیناریش سزا دەدرێن.