ڤیدیۆ.. بۆمبارانکردنی حەشارگەیەکی چەکدارانی داعش لە موسڵ

  2020-10-27  | 
 تۆڕی هەواڵی ژیان
وتەبێژی فەرماندەی گشتی هێزە چەکدارەکانی عێراق ڕایگەیاند، فڕۆکە جەنگییەکانی هاوپەیمانان تونێلێکی خۆحەشاردانی چەکدارانی داعشیان لە پارێزگای نەینەوا بۆمباران کردووە و بە تەواوی خاپوریان کردووە.

یەحیا رەسوڵ وتەبێژی فەرماندەی گشتی هێزە چەکدارەکان لە تویتێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تویتەر ڕایگەیاند، لەڕێگەی زانیاری هەواڵگرییەوە ئەو تونێلەی داعشیان ئاشکراکردووە، دواتر فڕۆکە جەنگییەکانی هاوپەیمانان بۆمبارانیان کردووەو بە تەوای خاپور بووە، تونێلەکە  دەکەوێتە ناحیە شورا لە پارێزگای نەینەوا.

لە ماوەی دوو هەفتەی ڕابردوودا هێزە عێراقییەکان بە هاوکاری هێزەکانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی، زنجیرەیەک هێرشی سەرکەوتوویان لە دژی رێکخراوی داعش لە چەند ناوچەیەکی جیاجیای عێراق ئەنجامدا.

هەرچەندە عێراق لە کۆتایی ساڵی ٢٠١٧دا سەرکەوتنی بەسەر ڕێکخراوی داعش ڕاگەیاند، بەڵام هێشتا پاشماوەی چەکدارانی ئەو ڕێکخراوە لێرە و لەوێ هێرش دەکەنە سەر هێزە ئەمنییەکان بە تایبەت لە پارێزگاکانی نەینەوا و دیالە و سەلاحەدین و ئەنبار.