نوسینگەی نەجمەدین کەریم راگەیەندراوێکی لەبارەی تەندروستی ناوبراوەوە بڵاوکردەوە

  2020-10-28  | 
نەجمەدین کەریم تووشی جەڵتەی مێشک بووە و لە ئێستادا لەژێر چاودێری تیمی پزیشکیدایە
ئەرشیڤ
کەرکوک
 تۆڕی هەواڵی ژیان
نوسینگەی نەجمەدین کەریم راگەیەندراوێکی لەبارەی تەندروستی ناوبراوەوە بڵاوکردەوە و رایگەیاند، تووشی جەڵتەی مێشک بووە و لەئێستادا لەژێر چاودێری تیمی پزیشکیدایە.

لە راگەیاندراوەکەدا هاتووە، بەداخەوە چەند ڕۆژێک بەر لەئێستا، دکتۆر نەجمەدین کەریم، وەك هەر هاوڵاتی و مڕۆڤێكی ئاسایی، تووشی جەڵتەی مێشک هات و بەهۆیەوە کەوتە نەخۆشخانە و لە ئێستادا لەژێر چاودێری تیمی پزیشکیدایە.

ئاماژەی بەوەشکردووە، "سوپاسی هەموو ھاونیشتمانان لە کوردستان و کەرکوک و ناوچە دابڕاوەکان دەکەین کە بەپەرۆشن بۆ تەندروستی دکتۆر نەجمەدین و سوپاسی ھەموو ئەو کەسایەتی و سەرکردایەتی لایەنەسیاسیەکان دەکەین لە ھەرێمی کوردستان و کوردستانی باکور و رۆژھەلات و رۆژئاوا کە بەردەوام لە پەیوەندیدان و لە تەندروستی بەڕێز نەجمەدین کەریم دەپرسنەوە".

هەر لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە، "سوپاسی بەشێک لە دەزگاکانی ڕاگەیاندن دەکەین، کە پیشەییانە مەمەڵەیان لەگەڵ هەواڵی تێکچوونی تەندروستی دکتۆر نەجمەدین کردووە و لێرەوەش رایدەگەیەنین، کە تەنها نووسینگەی بەڕێزییان رێگەپێردراوە بە بڵاوکردنەوەی زانیاری لەسەر دۆخی تەندروستی دکتۆر نەجمەدین کەریم" .

نوسینگەی نەجمەدین کەریم راشیگەیاندووە، "داواکاریین لە خودای مەزن شیفای بەڕێز دکتۆر نەجمەدین کەریم و هەموو مڕۆڤێکی نەخۆشکەوتوو لە کوردستان و جیهان بدات . "