پەرلەمانی عێراق دابەشکردنی بازنەکانی هەڵبژاردنی کەرکوکی پەسەندکرد

  2020-10-29  | 
دۆسیە:  کەرکوک
 سۆران عەبدولکەریم
دواجار هەرسێ پێكهاتەكەی كەركوك لەسەر شێوازی دابەشكردنی بازنەكانی هەڵبژاردن ڕێكەوتن پەرلەمانی عێراقیش پەسەندی كرد كوردیش دەڵێت لە ئێستاوە پێنج كورسیان لە شارەكە مسۆگەر كردووە.


بەرەبەیانی ئەمڕۆ پێنجشەممە پەرلەمانی عێراقی بەزۆرینەی دەنگ ڕێكەوتنی هەر سێ پێكهاتەكەی شاری كەركوكی لەبارەی دابەشكردنی یەكە ئیداریەكان بەسەر سێ بازنەی هەڵبژاردن پەسەند كرد. 

ئەڵماس فازڵ، ئەندامی لیژنەی یاسایی و نوێنەری كەركوك لەپەرلەمانی عێراقی بە (تۆڕی هەواڵی ژیان)ی وت: ئەمە چوارەم دانیشتنی پەرلەمان بوو لەبارەی دابەشكردن و یەكلاییكردنەوەی بازنەكانی هەڵبژاردن لە شاری كەركوك، دواجار لەگەڵ عەرەب و توركمان لەسەر دابەشكردنی بازنەكانی هەڵبژاردن گەیشتینە ڕێكەوتن. 

ئەوەشی روونكردەوە دوای رێكەوتنمی هەر سێ پێكهاتەی شارەكە لەدانشتنێكدا كە پەرلەمانی عێراق بەئامادەبوونی 168 كەس بەرەبەیانی ئەمڕۆ پێنجشەممە 29ی تشرینی یەكەم تێی پەڕاند. 

لەبارەی ناوەڕۆكی رێكەوتنەكە ئەو پەرلەمانتارە كەركوكیە وتیشی ڕێكەوتنەكە بەشێوەیەكە سێ كورسی بۆ بازنەی باشور، چوار كورسی بۆ بازنەی قەزای ناوەند واتا سەنتەر و پێنج كورسیش بۆ بازنەی رۆژهەڵاتی شار دەبێت. 

ئەو روونیكردەوە ئەوان وەك كورد ئەو رێكەوتنەیان پێگونجاو بووە هەر بۆیە ماوەی چەند رۆژێكیشە پێداگری لەسەر دەكەن، بە گوێرەی روونكردنەوەی ئەو پەرلەمانتارە كورد 5 كورسی لەبازنەی رۆژهەڵات مسۆگەر دەكات و ململانێی بەدەستهێنانی كورسیش لەسەنتەری شارەكە دەكات.

ئەوەش دوای ئەوە هات كە پەرلەمانی عێراقی بڕیاریدابوو كەركوك بكرێتە سێ بازنەی هەڵبژاردن بەڵام لەسەر پێكهاتەی بازنەكان لایەنەكانی كەركوك رێكنەدەوتن بەهۆی ئەوەی مەترسیان هەبوو لەسەر ئەوەی دەنگەكانیان بكرێتە قوربانی. 

کەرکوک 12 کورسی پەرلەمانی عێراقی بۆ دیاری کراوە  و هەر بانەیەکی هەڵبژاردن یەک ئەندامی ژن بە شێوازی سیستەمی کۆتای ئافرەتانی بۆ دیایر کراوە. 


ڕیکلام