شەڕ لە نێوان پارتی و پەکەکە روودەدات؟

  2020-10-29  | 
 تۆڕی هەواڵی ژیان
کوژرانی بەڕێوەبەری ئاسایشی دەروازەی سنووریی سەرزێرێ و ێککەوتنی حکومەتی هەرێم و بەغدا بۆ دەرکردنی پەکەکە لە شنگال و بەیاننامەی تیمی پارتی لە ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان گڕی لە پەیوەندییەکانی پەکەکە و پارتی بەرداوە و ئێستا لە هەر کاتێکی تر پەیوەندییەکانیان ئاڵۆزی تێکەوتووە و یەکتر بە خۆشکردنی ئاگری شەڕی براکوژی تۆمەتبار دەکەن و لە تۆڕکۆمەڵایەتییەکانیشەوە هێرشی توند دەکەنە سەر یەکتر.


هەڵکشانی ئاستی گرژی لە پەیوەندییەکانی نێوان پارتی و پەکەکە لە ماوەی رابردوودا پەیوەستە بە زنجیرەیەک رووداوی یەک لە دوای یەک کە تازەترینیان دەرکردنی بەیاننامەیەک بوو بە ناوی ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستانەوە لەلایەن ئەو دوو ئەندامەی کە پارتی لە ئەنجومەنی ئاسایش هەیەتی.

لە بەیاننامەکەی 25ی ئەم مانگەدا ئاماژە بەوە کراوە، سێ گروپیان دەستگیرکردووە کە گروپێکیان سەر بە پەکەکەن لە 12 کەس پێکهاتوون، پیلانی هێرشکردنەسەر کونسوڵخانەیەکی هەولێر و تیرۆرکردنی دیپلۆماتکارەکانی نێو کۆنسوڵخانەکانیان داڕشتبوو.

بەیاننامەکەی تیمی پارتی لە ئەنجومەنی ئاسایش هەر زوو کاردانەوەی پەکەکەی بەدوای خۆیدا هێنا، کۆمیتەی پەیوەندییەکانی کۆما جڤاکێن کوردستان - کەجەکە لە راگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، هیچ گروپێکی سەر بە کەجەکە لە هەرێمی کوردستان دەستگیرنەکراوە، بەڵکو گەریلاکانیان لە مسۆگەرکردنی ئەمن و ئاسایشی هەرێمی کوردستاندا رۆڵی پێشەنگیان گێڕاوە و هیچ کات بەدەستی خۆیان ئەم ئەمن و ئاسایشە ناخەنە بەر مەترسییەوە کە بە سەدان شەهید لەپێناویدا گیانیان بەخت کردووە.
کەجەکە ئاماژەی بەوەکردووە، لێرەدا پێویستە ئەوە بزانرێت ئەو هێزانەی کە ئاسایشی هەرێمی کوردستان دەخەنە مەترسییەوە، پارتی دیموکراتی کوردستان و دەوڵەتی تورکیان، ئەم هەواڵە چەواشەکارییانە بە هاوکاری و هاوئاهەنگی دەزگای سیخوڕیی میت دروستکراون و ئامانجەکەی ئەوەیە کە زەمینەسازی بکات بۆ رەوایەتی دان بە دەستپێکردنی شەڕ.

هاوکات موراد قەرەیلان، ئەندامی دەستەی بەڕێوەبەری پارتی كرێكارانی كوردستان (پەكەكە)ش بە میدیاکانی حزبەکەی رایگەیاند، پارتی خۆی بۆ شەڕ ئامادە دەکات، ئێمە لە شەڕ ناترسین، بەڵام نامانەوێت شەڕێکی ناوخۆیی کوردان رووبدات و داوا لە بارزانی دەکەین دەستوەردان بکات.

لەم نێوەندەدا پارتی دیموکراتی کوردستان بە توندی وەڵامی کەجەکە و بەرپرسانی پەکەکەی دایەوە و رایگەیاند ئەوە پەکەکەیە ئامادەکاری بۆ شەڕ دەکات.

لە وەڵامی بەیاننامەکەی کەجەکە و لێدوانەکانی موراد قەریلان، مەحمود محەمەد، وتەبێژی پارتی لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوەکرد كردەوەكانی پەکەکە بووەتە مایەی سەرئێشە بۆ خەڵكی كوردستان.

وتەبێژەکەی پارتی کە سیاسەتی فەرمی حزبەکەی بۆ رایگشتی ئاشکرا دەکات، لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوەکردووە، پەكەكە بە ئاشكرا كەوتووەتە ململانێ لەگەڵ هەرێمی کوردستان و هەڕەشە و خواستی نانەوەی گرژی و ناسەقامگیری، بە لێدوانی بەرپرسەکانییەوە دیارە.

پەیوەندییەکانی پارتی و پەکەکە گەیشتووەتە ئاستێک تەنانەت عارف تەیفور ئەندامی مەکتەبی سیاسی پارتی بە ئاشکرا لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ (تۆڕی هەواڵی ژیان) وتی هەر چەندە ئەوان لەگەڵ شەڕ نین، بەڵام پەکەکە دەمێکە موستەحەقی ئەوەیە شەڕی بکەین و زۆربەی ئەندامان و سەرکردایەتی پارتی لەگەڵ ئەو شەڕەدان.

عارف تیفور وتی، زۆربەی زۆری سەرکردەکانمان لەگەڵ ئەوەدان کە بە زۆر دەریان بکەین بەڵام کاک مەسعود ناهێڵێت و بڕیاریداوە جارێکی دیکە شەڕی کورد بە کورد نەکەین.
 
ئێوارەی هەشتی ئەم مانگە، غازی ساڵح ئالیخان، بەرپرسی ئاسایشی دەروازەی سەرزێڕێ لە گوندی بیگداو لە سنوری قەزای ئامێدی لە رووداوێکدا کوژرا، دوای رووداوەکە، ئاسایشی گشتی هەولێر رایگەیاند، دوای لێکۆڵینەوەی ورد و هەمەلایەنە، دەرکەوت کە لەلایەن پەکەکەوە تیرۆر کراوە، بەڵام ناوەندی راگەیاندنی هێزەکانی پاراستنی گەل- هەپەگە رەتی کردەوە غازی ساڵح ئالیخانیان لە لایەن ئەوانەوە کوژرا بێت.

ئەم رووداوانە هاوکات بوون لەگەڵ رێککەوتنی حکومەتی هەرێم لەگەڵ بەغدا کە زیاتر بە رێککەوتنی پارتی و بەغدا ناسراوە سەبارەت بە دۆخی شنگال، بەپێی خاڵێکی ڕێککەوتنەکە دەبێت ئەو هێزانەی سەربە پەکەکەن لە شنگال دەربکرێن، ئەمەش بووەتە خاڵێکی ناکۆک و تائێستا ئەو هێزانە ئامادەنین بە ئاشتی لە شنگال بکشێنەوە.

پەیوەندییەکانی ئێستای پارتی و پەکەکە، لە هەر کاتێکی تر زیاتر ترس و دڵەڕاوکێی خستووەتە نێو هاوڵاتیانی هەرێمی کوردستانەوە، هاوڵاتیان نیگەرانن سەرباری دەیان قەیران و بێ موچەیی و خراپی گوزەران، هەرێمی کوردستان لە قەیرانێکی تر بگلێندرێت کە تەنیا زەرەرمەند هاوڵاتیانی هەرێمی کوردستان دەبێت، داهاتووش وەڵامی ئەو پرسیارە دەداتەوە کە سەرباری بەڵێن و دروشمی سەرکردەکانی کورد، ئایا جارێکی تر هێزە کوردییەکان دەستیان دەچێتەوە خوێنی یەکتر؟