حكومەتی هەرێم: بۆری نەوتی هەرێم هێرشیكراوەتەسەر

  2020-10-30  | 
 تۆڕی هەواڵی ژیان
حكومەتی هەرێم رایگەیاند بۆری نەوتی هەرێم كراوەتە ئامانج، بە بێ ئەوەی لایەنی ئەنجامدەری ئاشكرا بكات كردەوەكە بە تیرۆریستی ناودەهێنێت و دەشڵێت لێكۆڵینەوەكانیان بەردەوام دەبێت.


حكومەتی هەرێمی كوردستان لە راگەیەندراوێكدا بڵاویكردەوە: رۆژی چوارشەممە 28 تشرینی یەكەم 2020، بۆری هەناردەكردنی نەوتی هەرێمی كوردستان كرایە ئامانج و بووە هۆی ئەوەی كە پرۆسەی هەناردەكردنی نەوتی هەرێمی كوردستان بوەستێت.

حكومەتی هەرێم كردەوەكەی بە تیرۆریستی بەناوكردووە و بە ئامانجگرتنی بۆری نەوتی هەرێم سەركۆنە دەكات و  دەشڵێت:  ئەم جۆرە كردەوانە دۆخی هەرێم و ناوچەكە زیاتر ئاڵۆز دەكەن.

لە راگەیەندراوەكەی حكومەتی هەرێم ئاماژە بەوەشكراوە كە "حكومەتی هەرێم بە هیچ شێوەیەك رێگە نادات هەڕەشە لە بەرژەوەندییەكانی بكرێت ودەست بۆ قوتی خەڵكی كوردستان ببرێت.لێكۆڵینەوە بۆ ئاشكراكردنی ئەنجامدەرانی ئەم هێرشە بەردەوامە".