وەزیری پەروەردەی حکومەتی هەرێم ڕایگەیاند سبەینێ لیژنەی ڕووبەڕووبونەوەی کۆرۆنا کۆدەبێتەوە و بڕیار لە سەر پرۆسەی خوێندن دەدات.
ئالان حەمە سەعید لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند توشبوون و چاکبونەوە لە نێو خوێندکاران و مامۆستایانی پۆلەکانی یەک و دوو و دوانزەی ئامادەیی هەیە،لەسەر بنەمای ئامارەکان سبەینێ لیژنەکە بڕیاری خۆی دەدات.
سەبارەت بە بایکۆتکردنی مامۆستایان لە سنوری پارێزگای سلێمانی و هەڵەبجە وەزیری پەروەردە ڕایگەیاند لە بەشێکی زۆری خوێندنگاکان خوێندکارانی قۆناغی 12 وانە دەخوێنن و پەروەردەش بڕیاریداوە بایکۆت نەمێنێت.
وەزیری پەروەردە وتیشی لە کۆبونەوەی سبەینێ تاوتوێی نرخی خوێندنیش دەکرێت لە ناوەندە ئەهلییەکان و باری دارایی خەڵک لەبەرچاو دەگیرێت.
ئالان حەمە سەعید ئاماژەی بەوەشکرد خوێندن بەردەوام بێت یان دوابخرێت تاقیکردنەوەکان لەناو هۆڵەکان دەکرێت.
ئەوە لەکاتێکدایە لە ئێستادا لە هەرێمی کوردستان پۆلەکانی یەک و دووی سەرەتایی و دوانزەی ئامادەیی لەناو هۆڵەکانی خوێندن دەخوێنن و پۆلەکانی دیکە بە ئەلیکترۆنی،بەڵام لە بەشێکی هەرێمی کوردستان مامۆستایان بایکۆتیان کردوە و پرۆسەکە بەڕێوەناچێت.