رێکخەرى گشتى و خانەى راپەڕاندن و تیمى گۆڕان لە حکومەت کۆبوونەوە

  2020-11-21  | 
سلێمانی
رێکخەرى گشتى و خانەى راپەڕاندن و تیمى گۆڕان لە حکومەت کۆبوونەوە
فۆتۆ: میدیای گۆڕان
 تۆڕی هەواڵی ژیان
رێکخەرى گشتى و خانەى راپەڕاندن و تیمى گۆڕان لە حکومەت کۆبوونەوە و ئەندامێکى خانەى راپەڕاندنیش دەڵێت، لە کۆبوونەوەکەدا هەڵسەنگاندن بۆ ئەداى حکومەت کرا و بارى سەنجى خەڵک و خۆشمان بە راپۆرتێک دەدەینە تیمى گۆڕان لە حکومەت ".

شەماڵ عەبدولوەفا ئەندامى خانەى راپەڕاندنى بزوتنەوەى گۆڕان بە میدیای حزبەکەی راگەیاندووە، "ئەوە کۆبوونەوەیەکى دەورییە هەر چەند مانگ جارێک خانەى راپەڕاندن و تیمى حکومەت کۆدەبینەوە، کە تێیدا هەڵسەنگاندنى ئێمە بۆ ئەوان و ئەوانیش چالاکى و وردکردنەوەى ئەو پڕۆژانەى هەیانە تاوتوێکران و تیشک خرایە سەر کەموکورتییەکان ".

ئاماژەى بەوەش کردووە کە بەشێکى کۆبوونەوەکە تایبەت بووە بە کاروبارەکانى حکومەت، بەتایبەت بابەتى چاکسازى و پێکهێنانى ئەنجومەنى باڵاى چاکسازى و ئەو پلان و بەرنامانەى بەپێى رێککەوتنى پێکهێنانى کابینەى نۆ لەگەڵ پارتى دیموکراتى کوردستان لەسەریان رێککەوتوون بۆئەوەى "کارا بکرێن بە ئامانجى جێبەجێکردنیان ".

شەماڵ عەبدولوەفا راشیگەیاندووە، "بارى سەرنجى خەڵک و هەڵسوڕاوەکانمان و خۆشمان لە چوارچێوەى راپۆرتێکدا دەدەینە تیمى حکومەت، بە سەرۆکى تیمى حکومەت و وەزیرەکانمان و بریکارى وەزارەتەکان، بەنیازیشین لە داهاتودا کۆبوونەوەیەکى فراوانتر بکەین کە هەموو تیمى حکومەت بە راویژکارەکان و بەڕێوەبەرە گشتییەکان بەشداربن، بەهەمان شێوە کۆبوونەوەیەکى دیکەى تیمى حکومەتى خۆجێیش لەگەڵ بەڕێوەبەرى گشتى و قائیمقام و بەڕێوەبەرى ناحییەکان ئەنجام دەدەین".



ڕیکلام