جەلالی سام‌ ئاغا ناوماڵەكەشی بەخشی

  2020-11-22  | 
 تۆڕی هەواڵی ژیان
جەلالی عومەر سام‌ ئاغا بەشێوەیەكی فەرمی و بە ئامادەبوونی دوو پارێزەر بریاریدا هەموو ناوماڵەكەی ببەخشێنە بنكەی لێكۆڵینەوەی ژین.

دوێنێ شەممە هەریەكە لە ڕەفیق ساڵح، سەرۆكی بنكەی ژین و سدیق ساڵح، ئەندامی دەستەی بەڕێوەبردنی بنكەكە، بە ئامادەبوونی بەكر حەمەسدیق و خالید حەمەغەریب، پارێزەر سەردانی ماڵی ئەو كەسایەتیە شارەكەیان كرد و گرێبەستەكەیان واژۆ كرد. 

 لەو سەردانەدا هەریەكە لە جەلال عومەر سام ئاغا و  ڕەفیق ساڵح، گرێبەستەكەیان واژۆ كرد كە مەرجەكان و لیستی كەلوپەلەكان و ناوی حەڤدە شایەتی كارەكەی تێدا تۆمار كراوە. 

جەلال عومەر سام‌ ئاغا

ساڵی ١٩٤١ لە گەڕەكی سەرشەقامی شاری سلێمانی لەدایك‌بووە.

تا دواناوەندیی لە سلێمانی و كۆلیجی بازرگانی و ئابووریی ١٩٦٣ لە زانكۆی بەغدا تەواوكردووە.

 ١٩٦٢ كە خوێندكار بووە لە بەغدا، لەبەر چالاكیی سیاسی گیراوە و خراوەتە زیندانی (حەلفە سەددە).

 ١٩٦٤ بە فەرمانبەر لە پۆستەخانەی سلێمانی دامەزراوە. پاشان براوەتە بەڕێوەبەرێتیی بانكی بازرگانیی سلێمانی.

١٩٧١ كراوە بە بەڕێوەبەری كارگێڕیی زانكۆی سلێمانی.

١٩٧٤ چووەتە شاخ و بەشداری شۆڕشی ئەیلوول بووە.

 ١٩٧٥ پاش شكستی شۆڕش، ماوەی پێنج ساڵ دوورخراوەتەوە بۆ بەغدا. 

ساڵانی هەشتا هێنراوەتەوە بۆ سلێمانی و لە دائیرەی گشتیی شارەزوور و بەڕێوەبەرێتیی كشتوكاڵ كاریكردووە تا ١٩٩١.

پاش پێكهێنانی حكومەتی هەرێمی كوردستان، كراوە بە ڕاوێژكار لە وەزارەتی دارایی و ئابووری تا ٢٠٠٠.

 ٢٠٠٢ بووە بە سەرۆكی دیوانی چاودێریی دارایی بە پلەی وەزیر. نۆ ساڵ لەم كارەی‌دا ماوەتەوە، تا لە ٢٠١١دا لەسەرداوای خۆی خانەنشین‌ بووە.

خانووەكەیی كە بە ٦٠٠ هەزار دۆلار خەمڵێندراوە، لەسەر وەزارەتی تەندروستی تاپۆكردووە، تا پاش خۆی بكرێتە بنكەیەكی تەندروستی. 

پارچەزەوییەكی خۆیشی داوە بە دیوانی چاودێریی دارایی و بە ٧٠ حەفتا ملیۆن دینار فرۆشراوە و خراوەتە بانك. 

سوودی ساڵانەی بە خەڵات دەدرێتە فەرمانبەری نموونەیی و خانمانی سەلاری دیوانی چاودێری. 

قوتابخانەیەكی سەرەتاییی بە ناوی خاتوو زەكییەی خوشكیەوە لە گەڕەكێكی نوێی ڕۆژهەڵاتی سلێمانی دروست‌كردووە و بەخشیویە بە بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی پەروەردەی سلێمانی. 

ئێستا سەرقاڵی دروستكردنی باخچەیەكی ساوایانە، تا دوایی بیبەخشێتە حكومەت.

هەموو ناوماڵەكەشی بەخشیوەتەوە بنكەی ژین كە كاری ئەرشیفكردن و لێكۆڵینەوەی ناحكومیە. 


ڕیکلام