وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی هەرێمی کوردستان بڕیاریدا بەلەبەرچاوگرتنى بارودۆخى دارایى هاوڵاتیانى هەرێمى کوردستان، بڕی کرێی خویندن لە زانکۆ و پەیمانگا تایبەتەکان بەڕێژەی لە ١٠بۆ ٢٠% کەمبکرێتەوە.
وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی لە ڕاگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، ئەمڕۆ بەسەرپەرشتى ئارام محمد قادر سەرۆکى ئەنجومەنى وەزارەت و وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی، لە کۆبوونەوەی تەواوکاری ئەنجومەنی وەزارەتی خوێندنی باڵا ڕێکخرا، سەبارەت بە کەمکردنەوەى کرێى خوێندن لە زانکۆ و پەیمانگە تایبەتەکان، وەزیری خوێندنی باڵا ئاماژەى بە کارى لێژنەى تایبەتمەند لەسەر ئاستى وەزارەت بەم ئەرکە کرد و دەستخۆشى لێکردن بۆ کارەکانیان لە ڕابردو .
وەک لە ڕاگەیەندراوەکەدا ئاماژەی پێکراوە، وەزیری خوێندنی باڵا لەوبارەیەوە وتى "هەرێمى کوردستان بە بارودۆخێکى تایبەت گوزەر دەکات بە شێوەیەک پێویستە هەموان ڕەچاوى بارو گوزەرانى دارایى خەڵکى خۆمان بکەین و لە هەمان کاتیشدا بتوانین هەلى خوێندن بۆ هەموان دەستەبەر بکەین، لەو چوارچێوەیەشدا وتى: بۆ ئەوەى روحیەتى کێبڕکێى زانستى لە دامەزراوە ئەکادیمیەکان بپارێزین و بە لەبەرچاوگرتنى باوردۆخى هاوڵاتیان بڕیارماندا بە کەمکردنەوەى کرێى خوێندن لە زانکۆ و پەیمانگە تایبەتەکان ئەویش بەپێى ئەنجامەکانى ڕێزبەندى نیشتیمانى زانکۆکانى کوردستان بۆ ساڵى (٢٠١٩) کە لەلایەن وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى ڕاگەیەنراوە بەم شێوەى خوارەوە :
· ئەو زانکۆیانەى دەکەونە گروپى B ، بەڕێژەى (١٠%) کرێى خوێندن کەمدەکرێتەوە .
· ئەو زانکۆیانەى دەکەونە گروپى C ، بەڕێژەى (١٥%) کرێى خوێندن کەمدەکرێتەوە .
· ئەو زانکۆیانەى دەکەونە گروپى D ، بەڕێژەى (٢٠%) کرێى خوێندن کەمدەکرێتەوە .
·سەرجەم پەیمانگە تایبەتەکان و کۆلێژە زانکۆییەکان بەڕێژەى (٢٠%) کرێى خوێندنیان کەمدەکرێتەوە .
لە ڕاگەیەندراوەکەدا ئاماژە بەوەشکراوە، ئامانجى وەزارەتەکەیان لە کەمکردنەوەى کرێى خوێندن لە زانکۆ و پەیمانگە تایبەتەکان، بە لەبەر چاوگرتنى بارى دارایى هاوڵاتیانى کوردستان و ڕەخساندنى هەلى زیاترى خوێندن و پەرەپێدانى تواناکانى گەنجانی هەرێمەکە، لەهەمان کاتدا ئەم هەنگاوە یارمەتیدەر دەبێت لە پاراستنی سەرمایەی نیشتیمانی و بەکارهێنانی لە گەشەپێدانی زانکۆکان و کەرتی تایبەت هەرێمی کوردستان.