تورکیا و ئێران لەسەر ئاسایشی سنورەکانیان کۆبوونەوە

  2020-11-24  | 
دۆسیە:  ئێران
 تۆڕی هەواڵی ژیان
ئەمڕۆ لێپرسراوانی تورکیای و ئێران لەسەر دۆسیەی ئاسایشی سنوری نێوان هەردوو وڵات، لە ویلایەتی وان لە ڕۆژهەڵاتی تورکیا کۆبوونەتەوە و گفتوگۆیانکردووە، دەربارەی ئەو بابەتانەی کە پەیوەندی هەیە بە ئاسایشی سنوری هەردوو وڵات و هەماهەنگی لەو چوارچێوەیەدا.

ئاژانسی هەواڵی ئەنادۆڵ بڵاویکردەوە، کۆبوونەوە هاوبەشەکەی تورکیا و ئێران بە بەشداری "یونس ئاتمان" جێگری پارێزگاری وان و "زەینەڵ ڕەزا" ئەفسەری سوپای ئێران، جگە لە بەشداربوونی ژمارەیەک لە سەرکردەی سەربازی و ئەمنی و دیپلۆماتی هەردوو وڵات.

لە دوای کۆبوونەوەکە و تاوتوێکردنی دۆخی سنوری هاوبەشی نێوان هەردوو وڵات، شاندنی هەردوولا ئیمزایان کرد لەسەر ژمارەیەک بڕیار سەبارەت بە ئاسایشی سنوری نێوان هەردوو وڵات.

ئەو کۆبوونەوە ئەمنیەی نێوان هەردوو وڵات لە کاتێکدایە، وەزارەتی دەرەوەی ئێران پێشتر جەختیکردبۆوە لە بایەخی ڕۆڵی ئێران و تورکیا لە ناوچەکەدا.

عەباس عێراقچی یاریدەدەری وەزیری دەرەوەی ئێران لە مانگی تشرینی یەکەمی ڕابردوودا ڕایگەیاندبوو، ئێران و تورکیا لە گرنگترین ئەو دەوڵەتانەن، کە ناتوانرێت ڕۆڵیان لەبەرچاو نەگیرێت لە چەسپاندنی ئاشتی و ئارامی لە ناوچەکەدا.

سنوری هاوبەشی نێوان تورکیا و ئێران بە درێژایی ٥٣٤ کیلۆمەتر درێژ دەبێتەوە.



ڕیکلام