نرخی نەوت بەرزبوونەوەی زیاتری تۆمار کرد

  2020-11-24  | 
 تۆڕی هەواڵی ژیان
دوای زیاتر لە هەشت مانگ بۆ یەکەمجار نرخی بەرمیلێک نەوتی برێنت بەرز بۆوە بۆ زیاتر لە ٤٧ دۆلار لە بازاڕەکانی وزەدا.

سەر لەئێوارەی ئەمڕۆ دوای ئاشکرابوونی سێهەمین ڤاکسینی کۆرۆنا، جارێکی تر نرخی گرێبەستە دواخراوەکانی نەوتی برێت بە ڕێژەی ٢.٤٣% بەرزبوونەوەی تۆمار کرد و نرخی بەرمیلێک نەوتی برێنت گەیشتە ٤٧ دۆلار و ١٢ سەنت.

لە لایەکی ترەوە بە هەمان شێوە نرخی نەوتی خاوی ئەمریکاش، کە بە نەوتی خۆرئاوای تەکسا ناسراوە بەرزبوونەوەی تۆمار کرد و بە رێژەی ٢.٢٨% بەرزبۆوە و نرخی هەر بەرملێک نەوتی خاوی ئەو جۆرە گەیشتە ٤٤ دۆلار و ٢٨ سەنت.

سیڤین ئینز گەورە شیکەرەوە لە بازاڕەکانی وزەی جیهانیدا ڕایگەیاند، هۆکاری ئەو بەرزبوونەوەیە، ئەو پێشکەوتنە بەرچاوەیە کە لە دۆزینەوە و چارەسەری پەتای کۆرۆنا ڕۆژانە دێتە ئاراوە، کە بووەتە پشتیوانییەکی بەهێز بۆ ئەوەی جارێکی تر بازاڕی نەوت بگەڕێتەوە سروشتی خۆی.

دوێنێ کۆمپانیای ئاسترازینیکا ئاشکرایکرد، ڕێژەی سەرکەوتنی ڤاکسینەکەی لە دژی کۆرۆنا لە ٧٠% و بەرزبووەتەوە بۆ ٩٠%، ئەوەش بە واتای بەرجەستەبوونی چەکی سێهەم لە دژپ ڤایرۆسی کۆرۆنا لەسەر ئاستی جیهان.



ڕیکلام