حکومەتی هەرێم بە فەرمی داوای موچەی چوار مانگ لە بەغدا دەکات

  2020-11-25  | 
 تۆڕی هەواڵی ژیان
ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم کۆبوەوە لە کۆبونەوەکەدا سەرۆکی حکومەت ڕایگەیاند کە هەرێمی کوردستان هەموو هەوڵێکی خۆی داوە و هەموو پابەندییەکانی خۆی بۆ گەیشتن بە ڕێککەوتنێکی بنەڕەتی لە گەڵ حکومەتی فیدراڵی جێبەجێ کردووە و بەردەوامیشین لە گفتوگۆ.

ئاماژەی بەوەشدا کە حکومەتی هەرێمی کوردستان ، لایەنی فەرمی گفتوگۆیە بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان لەگەڵ حکومەتی فیدڕاڵی و بە هیچ شێوەیەک حکومەتی هەرێم، سازش لە مافە دەستورییەکان و شایستە داراییەکانی خەڵکی هەرێمی کوردستان ناکات .

وتیشی دواخستنی نەناردنی بەشە بودجەی هەرێمی کوردستان، پێشینەیەکی مەترسییدارە و پێشێلکردنی مافە ڕەواکانی خەڵکی کوردستانە .

هەروەها ئەنجومەنی وەزیران بڕیاریدا نامەیەکی فەرمی بەناوی حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە ئاراستەی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق بکات و داوای بەشە بودجەی هەرێمی کوردستان بکات بۆ مانگەکانی پێنج و شەش و حەفت و دەی ئەمساڵ کە ماف و شایستەیەکی ڕەوای هەرێمی کوردستانە و حکومەتی فیداڵی نەیناردووە و هیچ پەیوەندییەکی بە یاسای کورتهێنانی دارایی بۆ ساڵی 2020 ەوە نییە .

ئەنجومەنی وەزیران سوپاسی هەڵوێستی نوێنەری تایبەتی سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان لە عێراق جینین پلاسخارت دەکات کە لە وتارەکەیدا بۆ ئەنجومەنی ئاسایش، جەختی لەوە کردبووەوە فەرمانبەر و مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان ، تەنیا فەرمانبەر و مووچەخۆری هەرێم نین بەڵکو هاووڵاتی عێراقین و پێویستە بابەتی مووچە نەکرێتە بەشێک لە کێشە سیاسییەکان و نابێت بە شێوەیەکی بە کۆمەڵ بکرێنە قوربانی. 

ئەنجومەنی وەزیران داوا لە نەتەوە یەکگرتووەکان و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەکات پشتگیریی لە هاتنەئارای ڕێککەوتنێکی بنەڕەتی لە نێوان حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵی بکەن لە پێناو دابینکردنی ماف و شایستە دەستوورییەکانی خەڵکی کوردستان.

لە بڕگەی دووەمی کۆبوونەوەکەدا ، ئەنجومەنی وەزیران پەیڕەوی ( دیاریکردنی ماف و ئیمتیازاتی کەسوکاری شەهیدان و ئەنفالکراوان )ی بە کۆی دەنگ پەسەند کرد .

لە کۆتایی کۆبوونەوەکەدا ، ئانۆ جەوهەر وەزیری گواستنەوە و گەیاندن ئاماژەی بە کێشەی دیاریکردنی موڵکیەتی زەویوزاری کریستیانەکان کرد لە چەند ناوچەیەکی هەرێمی کوردستان . ئەنجومەنی وەزیران بڕیاریدا، لیژنەیەکی بەداوداچوون پێکبهێرنرێت بۆ چارەسەرکردن و کۆتایی هێنان بەو کێشانە، بە ئاراستەی لە بەرچاوگرتن و دابینکردنی مافەکانی گشت پێکهاتەکانی خەڵکی کوردستان بە شێوەیەکی دادپەروەرانە و سنووردانان بۆ هەر زێدەڕۆییەک کە لە ئارادا بێت.

ئەنجومەنی وەزیران هەروەها جەختی کردەوە لە شۆڕکردنەوەی دەسەڵاتەکان لە چوارچێوەی کارنامەی کابینەی نۆیەم و چەسپاندنی لامەرکەزیەتی ئیداریی پارێزگاکان .



ڕیکلام