کەرکوک.. 15 ملیۆن حەبی هۆشبەر دەستی بەسەرداگیرا

  2020-11-26  | 
کەرکوک
کەرکوک.. 15 ملیۆن حەبی هۆشبەر دەستی بەسەرداگیرا
فۆتۆ: پۆلیسی کەرکوک
 سۆران عەبدولکەریم
لەهەڵمەتێکی پۆلیسی کەرکوک بۆ سەر چەند گەڕەکێک، دەست بەسەر بڕێکی زۆر مادەی هۆشبەردا گیرا، کە لەنێو چەند کۆگایەکدا حەشاردرابوون.

ئەفسەرێک لە هێزەکانی پۆلیسی ڕوبەڕوبوونەوەی مادەی هۆشبەر لە کەرکوک کە نەیویست ناوی ئاشکرابکرێت، بەتۆڕی هەواڵی ژیانی راگەیاند، لەماوەی 48 کاتژمێری ڕابردوودا لەهەردوو ناوچەی باکور و باشوری شارەکە، دەست بەسەر دوو کۆگای هەڵگرتنی حەبی ترامادۆڵ-دا گیراوە و سێ کەسیش بەتۆمەتی مامەڵەکردن بەو حەبانەوە دەستگیرکراون و لێکۆڵینەوەیان لەگەڵدا کراوە.

ڕونیشیکردەوە، ئەو دەرمانانەی دەستیان بەسەرداگیراوە، قەبارەی زیاترە لەباری چوار ئۆتۆمبێڵی بارهەڵگر و بەشێکی زۆری گواستراوەتەوە بۆ نێو بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی کەرکوک .

ئەوەشی خستەڕوو، ئەو بڕەی دەستی بەسەرداگیراوە، نزیکەی 15 ملیۆن حەبی هۆشبەرە کە لەجۆری ترامادۆڵ بووە.

ئاشکراشیکرد، پاڵپشت بە مادەی 28ی یاسای نەهێشتنی مادەی هۆشبەر، فەرمانی دەستگیرکردن بۆ تۆمەتباران دەرچووە و سێ کەس دەستگیرکراون.

ئەو ئەفسەرە راشیگەیاند، زانیاریان لەسەر بوونی بڕێکی دیکە لە مادەی هۆشبەر لەچەند ناوچەیەکی کەرکوک هەیە و هەڵمەتەکانیان بۆ دەستگیرکردنی ئەو کەسانەی مامەڵە و بازرگانی بەو مادانەوە دەکەن، بەردەوام دەبێت.



ڕیکلام