42 ساڵ بەسەر دامەزراندنی پەکەکەدا تێدەپەڕێت

  2020-11-27  | 
 تۆڕی هەواڵی ژیان
42 ساڵ بەسەر دامەزراندنی پارتی کرێکارانی کوردستان(پەکەکە) تێدەپەڕێت و سەرکردەکانی ئەو حزبەش دەڵێن ئەمساڵ ساڵی ئازادییە.

موراد قەرەیڵان ئەندامی کۆمیتەی بەڕێوەبەری پەکەکە بە میدیاکانی حزبەکەی ڕاگەیاندوە" ئێمە گەلەکەمان لە ژێر ڕەشەکوژی و هەڕەشەی لەناوبردن پاراست ئێستا ئیدی کات کاتی ئازادییە و پەکەکەش لەمپێناوەدا خەبات و تێکۆشانی خۆی بەردەوام دەکات .

قەرەیڵان ڕاشیگەیاندوە ساڵی داهاتوو یادی دامەزراندنی پەکەکە نابێت وەکو ساڵێکی ئاسایی تێپەڕێت دەبێت گەل خۆی رێکبخات و تێکۆشان زیاتربکرێت بۆ ئەوەی کۆتایی بە گۆشەگیریی ئیمرالی بهێنرێت، ڕێبەر ئاپۆ ئازاد ببێت.

وتیشی "لەسەر ئەم بنەمایە هەنگاوەکەی کەجەکە کە بە دروشمی کاتی ئازادییە ڕایگەیاندووە، دەبێت لە هەموو ناوچەیەک بڵاو ببێتەوە و بەهێز ببێت، لە کوردستان و تورکیا، لە هەموو شوێنێک ژنان و گەنجان و ڕەنجدەران بە شێوەیەکی چالاک بجوڵێنەوە، ئەگەر لەسەر ئەم بنەمایە تێکۆشانێک بەڕێوەبچێت، ئیدی سەردەکەوین و ڕژێمیش هەڵدەوەشێت، بێگومان قورسترین و گەورەترین ڕۆڵیش دەکەوێتە ئەستۆی گەریلاکان، ئێمە ئەوە دەزانین، گەریلاش لەم چوارچێوەیەدا هەوڵی خۆی دەدات".

موراد قەرەیڵان ئاماژەی بەوەشکردوە "ساڵی داهاتوو بۆ ئەوان ساڵی بەهێزکردنی تێکۆشان و بۆ بەدەستهێنانی ئەنجام، دەبێت بە ساڵی ئازادی کوردستان و ڕێبەر ئاپۆ و بەدیموکراسیبوونی تورکیا و دەبێت بە ساڵێکی گەورەی تێکۆشان".

ئەوە لەکاتێکدایە لە رۆژی 27 تشرینی دووەمی 1978 پەکەکە لەلایەن ژمارەیەک گەنجەوە کە بەئاپۆچی ناسرابوون دامەزرا و یەکەمین کۆنگرەی خۆیان ئەنجامدا.


ڕیکلام