زانایەکەی گەورەی ئەتۆمی ئێران تیرۆرکرا

  2020-11-27  | 
 تۆڕی هەواڵی ژیان
میدیاکانی ئێران ڕایانگەیاند دوا نێوەڕۆی ئەمڕۆ لە ناوچەی ئەبساردی نزیک تارانی پایتەخت موحسین فەخریزادە زانای گەورەی ئێران کوژراوە.

ئاژانسی میهر ڕایگەیاندوە ئەو زانا ئەتۆمییە لەلایەن ئیسرائیلەوە تیرۆرکراوە و پێشتریش چەند جارێک هەوڵیانداوە تیرۆری بکەن بەڵام شکستیان هێناوە.

ئاماژەی بەوەشکردوە موحسین فەخریزادە یەکێکبوو لەو کەسانەی ناوی لەلیستی سزادراوەکانی نەتەوە یەکگرتووەکاندابوو.

دەشڵێت" فەخریزادە ئەندامی باڵای سوپای پاسداران و یەکێک لە پێنج سەد کەسە بەتواناکانی جیهان بووە.

فەخریزادە تاکە کەسە کە بنیامین ناتانیاهۆ سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل لە ڕابردوودا هەڕەشەی تیرۆرکردنی کرد و وێنەکەی بڵاوکردوە.

هەروەها بەپێی سەرچاوە میدیاکان دەزگای هەواڵگری ئیسرائیل ناسراوە بە (موساد) جارێکی دیکە شکستی هێناوە لە کوشتنی فەخریزادە.

موحسین فەخریزادە تەمەنی 57 ساڵە و پێشتر مامۆستای فیزیا بووە لە زانکۆی ئیمام حسێن لە تاران و شارەزای زۆری لە فیزیای ناوەکی هەبووە.

یەکێکە لەو کەسانەی نەتەوە یەکگرتووەکان سزای بەسەردا سەپاند و بە دڵی پرۆژەی ئەتۆمی ئێرانی ناوی بردبوو.

بەپێی ڕاپۆرتە رۆژنامەوانیەکان فەخریزادە تا ساڵی 2003 لە پۆستە باڵاکانی توێژینەوە و بەڕێوەبردندا کاری کردووە، بە تایبەت لە چوارچێوەی ئاژانسی وزەی ئەتۆمی ئێران.

بەڵام دواتر کە ئێران پەرەی بە چەکی ئەتۆمی داوە فەخریزادە لە پرۆژەیەدا کاریکردوە، کاتێکیش چەند وێستگەیەکی ئەتۆمی ئێران لە ژێر چاودێری نەتەوە یەکگرتووەکاندا بوون، فەخریزدە بەنهێنی لەشوێنی دیکە سەرقاڵی دروستکردنی چەکی ئەتۆمی بووە.

ڕاپۆرتەکە ئاماژەی بەوە کردووە کە چاودێران لە ساڵی 2005 ەوە گرنگی بە ڕۆڵی فەخریزادە  دەدەن و لە لایەن چاودێرانی نەتەوە یەکگرتووەکانەوە کراوە بە ئامانجی داواکراو بۆ لێپرسینەوە ، گومان دەکرێت بەرپرسی " گروپی چەک " ی ئەو دەستەیە بێت کە بەرپرسی پەرەپێدانی تەقاندنەوەی ئەتۆمییە .

دەزگا هەواڵگرییەکانی ئەمریکا  وئیسرائیل چاودیری وردی فەخریزدەیان کردوە  و توانیویانە شوێنی کارەکەی و نوسینگەکەی لە نهۆی دووەمی باڵەخانەیەک و ناونیشانی ماڵەکەی و ژمارە تەلەفونیە کەسیەکەی دەستبخەن.

بە گوێرەی زانیاری هەواڵگریی ئەمریکا ، زادە بەرپرسی کڕینی تەکنەلۆژیای ناوکییە لە دەرەوەی ئێران ، لە کاتێکدا ئێران بانگەشەی ئەوەی کردووە کە کڕینەکانی بە مەبەستی ئەنجامدانی تاقیکردنەوەی زانستی ئاسایی بە پێی پێگەی خۆی لە زانکۆکەبووە .

لە ساڵی 2008 سزای بەسەردا سەپێندراوە و گەشتی دەرەوەی وڵاتی لێ قەدەغەکراوە.

هەروەها بەپێی ڕاپۆرتێکی رۆژنامەی دێرشپێگڵی ئەڵمانی فەخریزادە سەرۆکی گروپی نهێنی پرۆژەی ئەتۆمی سەربازی بووە کە بەناوی مەودای فروانکردنی بەکارهێنانی تەکنەلۆژیای پێشکەوتوو کاری کردوە.





ڕیکلام