تەندروستی هەولێر: هێرشبەرانی سەر نەخۆشخانەی رزگاری دەستگیرکراون

  2020-12-03  | 
هەولێر
تەندروستی هەولێر رایگەیاند، هێرشبەرانی سەر نەخۆشخانەی رزگاری دەستگیرکراون
ئەرشیڤ
 تۆڕی هەواڵی ژیان
بەڕێوەبەرایەتی گشتی تەندروستی هەولێر ڕوونکردنەوەیەکی لەسەر هێرشکردنەسەر نەخۆشخانەی رزگاری بڵاوکردەوە و رایگەیاند، هێرشبەران دەستگیرکراون.

لە روونکردنەوەکەدا هاتووە، "دوای بەدوای ئەوەی کە نەخۆشێک بۆ ماوەی دوانزە ڕۆژ خەوێندرابوو لە نەخۆشخانەی ڕزگاری کە تەمەنی(٨١) ساڵ بوو وە باری تەندروستی ناجێگیربوو بەهۆی تووشبوونی بە ڤایرۆسی کۆڕۆنا ڕۆژی سێشەممە  کاتژمێر (٣) بەهۆی ناجێگیری باری تەندروستی بە داخەوە گیانی سپارد".

ئاماژە بەوەشکراوە، "پاش ئەوەی لەلایەن پزیشکان و کارمەندانی تەندروستی و فەرمانبەرانی نەخۆشخانە ئەو پەڕی توانای خۆیان دەبەخشنە تووشبوانی ڤایرۆسی کۆڕۆنا کە بەشێکیان بونەتە قوربانی ئەم ڤایرۆسە، لە بڕی ئەوەی کەس و کار و هاوەڵی نەخۆش سوپاسگوزاری ستافی تەندروستی بن هەڵسان بە هەڵسوکەوتێکی دوور لەبەهای ڕێزگرتن ئەرکی پیرۆزی کاری پزیشکی، هەڵسان بە ئەنجام دانی پشێوی و هەڵکوتانە سەر ستافی تەندروستی و شکاندنی کەل و پەل و ئەمبوڵانس  لەنێو نەخۆشخانە و کە ئەنجامدەرانی کارەکە کەس و کاری کۆچکردوو بوون".

ئەوەش خراوەتەڕوو، دوای ڕووداوەکە بەڕێوەبەرایەتی گشتی تەندروستی هەولێر لە ڕێگەی بەشی یاسایی سکاڵای لەو کەسانە تۆمارکرد کە هەڵیانکوتاوەتە سەر بەها پیرۆزەکانی نەخۆشخانە و دوای لێکۆلینەوە و بەدواداچوون بە بڕیاری دادوەر ئەنجامدەرانی کردەوەکە دەستگیرکران بەمادەیی (٤٧٧) لە یاسای سزادانی عێڕاق، کە کوڕی کۆچکردوون.

بەڕێوەبەرایەتی گشتی تەندروستی هەولێر راشیگەیاندووە، 'لێرەوە هاونیشتیمانیان دڵنیادەکەینەوە کە پزیشکان و کارمەندان تا دەگاتە فەرمانبەران، خزمەتێکی بەرچاو پێشکەش بە تووشبوانی ڤایرۆسی کۆڕۆنا دەکەن، کە بەشێکیان بونەتە قوربانی ئەم ڤایرۆسە و گیانیان سپاردووە، کە لە ئێستا ژماریان گەیشتۆتە (٣٦) ستاف لە سنوری بەڕێوەبەرایەتی گشتی تەندروستی هەولێر" .

دەشڵێت، "بە پێویستی دەزانین سوپاسی لایەنی پەیوەندیدار و دادگا و دەزگای پۆلیس و ئەمنیەکان بکەین بۆ جێبەجێکردنی یاسا و ڕێساکان".



ڕیکلام