بایدن و سێ سەرۆکی ئەمریکا ئامادەن ڤاکسینی دژی کۆرۆنا وەربگرن

  2020-12-04  | 
دۆسیە:  ئەمریکا
 تۆڕی هەواڵی ژیان
جۆ بایدن سەرۆکی ھەڵبژێردراوی ئەمریکا و ھەرسێ سەرۆکی پێشووی ئەو وڵاتە، باراک ئۆباما و جۆرج بۆشی کوڕ و بیل کلینتۆن، ئامادەیی خۆیان دەربڕی بۆ وەرگرتنی ڤاکسینی کۆرۆنا بەشێوەیەکی ئاشکرا،لە پێناو ڕەواندنەوەی ھەر گومانێک کە لە لایەن ئەمریکییەکانەوە لەسەر سەلامەتی فاکسینەکە دروست بووبێت .

جۆ بایدن لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ تۆڕی ھەواڵی سی ئێن ئێنی ئەمریکا ڕایگەیاند، داوای لە ئەنتۆنی فاوچی بەڕێوەبەری سەنتەری پەیمانگای نیشتیمانی بۆ نەخۆشیە گوێزراوەکان و ھەستیاری کردووە، لە کارەکەی خۆی بەردەوام بێت لە ئیدارەی داھاتوویدا، ھەروەھا ئامادەیی خۆشی دەربڕیوە بۆ وەرگرتنی ڤاکسینەکە بەشێوەیەکی ئاشکرا، لە کاتێکدا فاوچی وتوویەتی ڤاکسینەکە سەلامەتە .

لە لایەکی ترەوە باراک ئۆباما سەرۆکی پێشووی ئەمریکا، کە لە ساڵی ٢٠١٧وە کۆشکی سپی جێھێشتووە، لە دیدارێکی رادیۆیدا رایگەیاند،بە ئاشکراو بەشێوەیەکی راستەوخۆ لەبەردەمی تەلەفزیۆنیدا ڤاکسینەکە وەردەگرێت، بۆ ئەوەی خەڵک بزانێت کە ئەو باوەڕی بەو زانستە ھەیە .

ھاوکات فریدی فۆرد گەورەراوێگاری سەردەمی بوش لە کۆشکی سپی ڕایگەیاند، سەرۆکی پێشووی کۆمارییەکان ئامادەیی خۆی دەربریوە بۆ وەرگرتنی ڤاکسینەکە لەبەردەم کامێراکاندا، دوای ئەوەی ئیدارەی خۆراک و دەرمانی ئەمریکا ڕەزامەندی دەدەن لەسەر بەکارھێنانی .

لە لایەکی ترەوە ئانجیل ئۆرینا وتەبێژی بیل کلینتۆن رایگەیاند، سەرۆکی پیَِشووی دیموکراتەکان، راستەوخۆ ڤاکسینەکە وەردەگرێت، ئەویش لەسەر ئەو بنەمایەی کە لێپرسراوانی تەندروستی گشتی وڵات داوای دەکەن .

ئاماژەی بەوەشکرد، کلینتۆن جەختیکردووەتەوە ڤاکسینەکە لە شوێنێکی گشتی وەردەگرێت، بۆ ئەوەی ببێتە ھاندەر بۆ ئەوەی سەرجەم ئەمریکییەکان چاوی لێ بکەن و وەریبگرن .

ھەر لەوچوارچێوەیەدا بایدن ڕایگەیاند، لە یەکەم ڕۆژی دەستبەکاربوونی داو لە ھاوڵاتیانی ئەمریکا دەکات، بۆ ماوەی ١٠٠ ڕۆژ دەمامک ببەستن بە مەبەستی دانانی سنورێک بۆ تەشەنەکردنی زیاتری کۆرۆنا لە وڵاتدا .

ئاماژەی بەوەشکردووە، لەو شوێنانەی کە پێویستن بۆ حکومەتی فیدراڵی ، فەرمان دەکات بە پۆشینی دەمامک لەسەرجەم دامەزراوە فەرمییە فیدراڵییەکان و ھۆیەکانی گواستنەوەی گشتی لە نێوان ئەمریکا و کەنەدادا .

ھەر لەو چوارچێوەیەدا سەرۆکی ھەڵبژێردراوی ئەمریکا، (جیف زینتس) ی وەک ڕێکخەری کۆمەڵەی کاری کۆشکی سپی بۆ روبەروبونەوەی کۆرۆنا و (ڤیڤیک مۆرسی) سەرۆکی دەستەی تەندروستی گشتی کاندید کردووە لە ئیدارەکەیدا .

ئەوەش لە کاتێکدا دوێنی ژمارەی گیان لەدەستدان بە کۆرۆنا لە ئەمریکا ژمارەی پێوانەیی تۆمار کرد و ٢٨٠٠ کەس بەھۆیەوە گیانیان لەدەستدا، ئەوەش زۆرترین ژمارەی گیانلەدەستدانە لەوەی کۆرۆنا لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا تەشەنەی کردووە .

تا ئێستا نزیکەی ١٤ ملیۆن کەس لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا تووشی کۆرۆنا بوون و حاڵی حازریش زیاتر لە ١٠٠ ھەزار کەس لە نەخۆشخانەکانی تایبەت بە کۆرۆنا چارەسەر وەردەگرن .

بڕیاریشە لە ١٠ی ئەم مانگەدا لیژنەی راوێژکاری دەرەوەی سەر بە ئیدارەی دەرمان و خۆراکی ئەمریکا کۆبێتەوە، بۆ گفتوگۆ کردن سەبارەت بە مۆڵەتپێدانی وەرگرتنی ڤاکسینی دژی کۆرۆنا بەشێوەیەکی کتوپڕ، بە تایبەت ئەو فاکسینەی کە لە لایەن کۆمپانیای ڤایزەری ئەمریکی و بیونتکی ئەڵمانییەوە سەرکەوتنی بەرێژەی لە ٩٥% بەدەستھێناوە .



ڕیکلام