سعودیە و ئیمارات و بەحرەین ئیدانەی هێرشەکانی تورکیا و ئێرانیان کرد بۆسەر هەرێم

18/06/2020
فۆتۆ: 

وەزارەتی دەرەوەی سعودیە و ئیمارات و بەحرەین بە توندی ئیدانەی هێرش و بۆردومانەکانی تورکیا و ئێران دەکەن بۆسەر خاکی عێراق و ناوچە سنورییەکانی هەرێمی کوردستان.

وەزارەتی دەرەوەی سعودیە بڵاویکردەوە، شانشینی سعودیە ئیدانەی دەستدرێژی  تورکیا و ئێران دەکات بۆ سەر خاکی عێراق و بە دەستوەردانێکی رەتکراوەی دادەنێت بۆسەر دەوڵەتێکی عەرەبی.

وەزارەتی دەرەوەی سعودیە لە بەیاننامەیەکدا ئاماژەی بەوەشکردووە، ئەو هێرشانە پێشێلکارییەکی ڕەهایە بۆ سەر خاکی عێراق وئاسایشی عەرەبی و هەرێمایەتی.

لە کۆتایی بەیاننامەکەدا وەزارەتی دەرەوەی سعودیە جەختیکردووەتەوە، ئەوان لە پاڵ کۆماری عێراقی دۆستدا دەوستنەوە و پشتیوانی لە هەر هەنگاوێک دەکاتەوە بۆ پاراستنی ئاسایش و ئارامی و سەروەریی خاکەکەی.

هاوکات وەزارەتی دەرەوەی ئیماراتی عەرەبی یەکگرتوو لە بەیاننامەیەکدا ئیدانەی هێرش و دەستوەردانەکانی تورکیا و ئێران دەکات بۆ ناوچەکانی باکوری عێراق، کە پێشێلکارییەکی ڕەهای سەروەری عێراق و بڵاوکردنەوەی ترس و تۆقاندنە لەناو هاوڵاتیانی مەدەنی ناوچە سنورییەکاندا.

لە لایەکی دیکەوە حکومەتی بەحرەین هەر ئەمڕۆ ئیدانەی هێرش و بۆردومانەکانی تورکیا و ئێرانی کردووە بۆ سەر خاکی عێراق و داواشی لە کۆمەڵی نێودەوڵەتی کردووە هاوکاری عێراق بکەن.

لە بەیاننامەکدا وەزارەتی دەرەوەی بەحرەین بڵاویکردەوە "بە وتوندی ئیدانەی ئەو هێرش و بۆردومانانەی تورکیا و ئێران دەکەین کە کردوویانەتە سەر ناوچەکانی باکوری عێراقی دۆست".

بەحرەین داواشی لە کۆمەڵی نێودەوڵەتی کردووە ئیدانەی ئەو هێرش و دەستدرێژیانە بکەن و هاوکاری حکومەتی عێراق بکەن لە هەوڵەکانی بۆ بەرقەرارکردنی ئاسایش و ئارامی لە وڵاتەکەیدا.

ئیدانەکردنی وڵاتە دیارەکانی عەرەبی لە دژی هێرش و بۆردومانەکانی تورکیا و ئێران لە کاتێکدایە، تا ئێستا هیچ کام لە سێ سەرۆکایەتییەکەی هەرێمی کوردستان باسایان لەو هێرشانە نەکردووە و هیچ هەڵوێستێکیان دەرنەبڕیوە.