نەتەوەیەکگرتووەکان: نزیکەی ٨٠ ملیۆن کەس لە جیهاندا ئاوارەن

18/06/2020
نزیکەی ٨٠ ملیۆن کەس لە جیهاندا پەنابەر و ئاوارەن
فۆتۆ: رۆیتەرز
جیهانی

بەپێی راپۆرتێکی کۆمیسیاری باڵای رێکخراوی نەتەوەیەکگرتووەکان بۆ کاروباری پەنابەران، لە ئێستادا نزیکەی ٨٠ ملیۆن کەس لە سەرتاسەری جیهان، ئاوارەن.

ئەمرۆ پێنجشەممە ١٨ی٦ی٢٠٢٠، کۆمیسیاری باڵای رێکخراوی نەتەوەیەکگرتووەکان بۆ کاروباری پەنابەران (UNHCR )، راپۆرتێکی سەبارەت بە دۆخی پەنابەران بڵاوکردەوە و رایگەیاند، ژمارەی پەنابەران لە سەرتاسەری جیهان لە ساڵی ٢٠١٩دا، گەیشتووەتە ٧٩ ملیۆن و ٥٠٠ هەزار کەس، ئەمەش زۆرترین رێژەیە کە تا ئەمڕۆ تۆمارکراوە کە دەکاتە ١٪ی دانیشتووانی جیهان.

بەپێی راپۆرتەکە و بەروارد بە ساڵی ٢٠١٨، نزیکەی نۆ ملیۆن پەنابەر و ئاوارە لە ساڵی ٢٠١٩ لە جیهاندا، زیادیکردووە.

ئاماژە بەوەشکراوە، تا کۆتایی ساڵی رابردوودا، نزیکەی ٢٩ ملیۆن و ٥٠٠ هەزار کەس لە سەرتاسەری جیهان، وڵاتی خۆیان جیهێشتووە و روویان لە وڵاتێکی دیکە کردووە، ٤٥ ملیۆن و ٧٠٠ هەزار کەسیش لەناو وڵاتەکانی خۆیاندا ئاوارە بوون، هەروەک ژمارەی ئەو پەنابەرانەش کە تا ئێستا سەبارەت بە دۆخیان بڕیارنەدراوە، بۆ زیاتر لە چوار ملیۆن کەس بەرزبووەتەوە.

 ئەوەش خراوەتەڕوو، لە ١٠ ساڵی رابردوودا ژمارەی پەنابەران لە جیهاندا دوو هێندە زیادیکردووە و هۆکارەکەشی بۆ شەڕ و ئاڵۆزی و قەیرانی ئابوری دەگەڕێتەوە.

هەر بەپێی راپۆرتەکەی کۆمیسیاری باڵای رێکخراوی نەتەوەیەکگرتووەکان بۆ کاروباری پەنابەران، تورکیا زۆرترین پەنابەر و ئاوارەی لەخۆگرتووە کە زیاترە لە سێ ملیۆن و ٥٠٠ هەزار کەس، دوای ئەویش وڵاتی کۆلۆمبیا دێت کە نزیکەی دوو ملیۆن پەنابەری لەخۆگرتووە و دواتر هەر یەکە لە وڵاتانی پاکستان و ئۆگاندا نزیکەی یەک ملیۆن و ٥٠٠ هەزار پەنابەریان لەخۆگرتووە، هەروەک ئەڵمانیا پلەی پێنجەی لە ریزبەندییەکەدا گرتووە کە ناوی نزیکەی یەک ملیۆن و ١٥٠ هەزار کەس وەک پەنابەر لەو وڵاتە تۆمارکراوە.