دادگای دەستووری بنەڕەتی تورکیا: زیندانیکردنەکەی دەمیرتاش نایاساییە و دەبێت قەرەبوو بکرێتەوە

19/06/2020
سەڵاحەدین دەمیرتاش هاوسەرۆکی پێشووی هەدەپە لەناو زیندانی تورکیا
فۆتۆ: ئەرشیڤ
تورکیا

دادگای دەستووری بنەڕەتی تورکیا لەبارەى زیندانیکردنی سەڵاحەدین دەمیرتاش هاوسەرۆکی پێشووی هەدەپەوە ڕایگەیاند، مافەکانى دەمیرتاش پێشێلکراون و وەزارەتی دادیشی بە بژاردنی ٥٠ هەزار لیرە بە دەمیرتاش سزا دا، بەڵام سەرباری ئەوانەش دەمیرتاش ئازاد نەکرا .

دادگاکە بڕیاری لەبارەی بڕیارەکانی قۆناغەکانی دادگایکردن و زیندانیکردنی دەمیرتاش و تێکەڵکردنی دۆسیەکان و بڕیارەکەى دادگای مافی مرۆڤی ئەوروپا داوە .

دادگای دەستووری بنەڕەتی تورکیا راشیگەیاند، زیندانیکردنی دەمیرتاش بە پێی خاڵی ١٩ی دەستووری بنەڕەتی تورکیا پێشێلکارییە و بڕیاریدا وەزارەتی دادی تورکیا بە بڕی ٥٠ هەزار لیرە سزا بدات، کە ئەو بڕە وەک قەرەبوو بە دەمیرتاش بدرێت. ئەو بڕیارەش بۆ ١٩هەمین لقی دادگای سزا قورسەکان و وەزارەتی داد دەنێردرێت .

مەحسونی کارمەران پارێزەری دەمیرتاش جارێکیتر داوایکرد، دەمیرتاش لە زیندان ئازاد بکرێت .

سەرباری ئەوەى بەپێی بڕیاری دادگای مافی مرۆڤی ئەوروپا و بەپێی بڕیاری دادگای دەستووری بنەڕەتی تورکیا، مافەکانى دەمیرتاش پێشێلکراون و زیندانیکردنەکەى نایاساییە و دەوڵەتى تورک بەو هۆیەوە سزا دراوە، بەڵام دەوڵەتى تورکیا ئامادە نییە دەمیرتاش ئازاد بکات.