"نەخۆشخانەکانی عێراق بوونە سەرچاوەی پەتای کۆرۆنا"

20/06/2020
فۆتۆ: 

ڕۆژنامەی واشنتۆن پۆست لە زاری سەرۆکی سەندیکای پزیشکانی عێراقەوە نووسیویەتی، ئێستا نەخۆشخانەکانی عێراق بوونەتە ناوەندێک بۆ بڵاوبوونەوەی پەتای کۆرۆنا و ژیانی زۆربەی کارمەندەکان لە مەترسیدایە.

عەبدولئەمیر موحسین سەرۆکی سەندیکای پزیشکانی عێراق بە ڕۆژنامەکەی ڕاگەیاندووە، ئەو سەپۆلە فراوانەی کۆرۆنا کە لە عێراقدا دەستی بە تەشەنەکردن کردووە، بووەتە هۆی ئەوەی  پزیشک و کارمەندانی نەخۆشخانەکانی عێراق بەرکەوتنیان لەگەڵ سەدان نەخۆشدا هەبێت و دووچاری پەتاکە ببن، ئەوەش مەترسییەکی گەورەیە بۆ وێرانکردنی سیستمی چاودێری تەندروستی لەو وڵاتە و یەککەوتنی تەواوەتی.

ڕۆژنامەکە لە زاری کارمەندانی نەخۆشخانەکانی عێراقەوە ئاشکرایکردووە، زۆربوونی ڕێژەی تووشبوون لە ناو پزیشکان و کارمەندانی تەندروستیدا، بووەتە مەترسییەکی ڕاستەقینە لەسەر تەواوی کارمەندانی نەخۆشخانەکان کە تووشی پەتاکە ببن.

ڕۆژنامەکە لە زاری یەکێک لەو کارمەندانەی یەکێک لەو نەخۆشخانانەی تووشبوانی کۆرۆنای تیا چارەسەر دەکرێت بڵاویکردووەتەوە، ژمارەیەک لەو کارمەندانەی نیشانەکانی پەتاکەیان تیا دەرکەوتووە، ڕاستەوخۆ پشکنینیان بۆ دەکرێت و دەخرێنەوە سەر کار، تا ئەو کاتەی ئەنجامی پشکنیینەکان دەردەچن، کە ئەوەش مەترسییەکی گەورەیە.

ڕۆژنامەکە ئەمریکییەکە ئاشکرایکردووە، ئەو کارمەندانەی کە لە تاقیگەکاندا کاردەکەن و تاقیکردنەوە لەسەر ڤایرۆسەکە دەکەن، نیشانەکانی پەتاکەیان لەسەر دەرکەوتووە.

بەگوێرەی ئەو زانیاریانەی کە ڕۆژنامەی واشنتۆن پۆست ئاشکرایکردووە، لە سەرەتای  سەرهەڵدانی پەتاکەوە تا ئێستا ٥٩٢ پزیشک تووشی پەتاکە بوون، بە واتای لە ٨٣%ی پزیشکانی نەخۆشخانە و سەنتەرەکان چارەسەرکردنی کۆرۆنا تووشی پەتاکە بوون.

یەکێک لەو پزیشکانە کە خۆی بە یاسر ناساندووە و لە ترسی تۆڵەسەندنەوەی بەرپرسانی نەخۆشخانەی نەیتوانیوە ناوی تەواوەتی خۆی ئاشکرا بکات بەڕۆژنامەکەی ڕاگەیاندووە، ئەو یەکێک بووە لەو پزیشکانەی کە لەسەرەتاوە تووشی ڤایرۆسەکە بووە، بەڵام هیچ پشکنینێکی بۆ نەکراوە و مۆڵەتیشی وەرنەگرتووە.

ئاماژەی بەوەشکردووە، زۆربەی  کاروبارەکان بەشێوەیەکی هەڵە بەڕێوەدەچێت، ئەو هاوڕێ پزیشکانەی کە پشکنینیان بۆ کراوە، ناچارن ١٠ ڕۆژ چاوەڕوانی ئەنجامەکەی بکەن، سەرباری ئەوەی زانوویشیانە تووشی ڤایرۆسەکە بوون.

جەختیشیکردووەتەوە ئیدارەی نەخۆشخانەکان هیچ بایەخێک بە سەلامەتی کارمەندەکانی نادات، تەنها دەوامکردنیان لێیان دەوێت.

وەک ڕۆژنامەکە لە ڕاپۆرتەکەیدا ئاشکرایکردووە، پزیشکانی عێراق پێیان ڕاگەیاندووە، خراپی ژێرخانی تەندروستی عێراق و کەمی پێداویستی و کەلوپەلەکانی خۆپارێزی و نەبوونی ئەو باوەڕەی کە پەتایەکی وا مەترسیدار بوونی هەیە، وایکردووە ژمارەی تووشبوان ڕوو لە بەرزبوونەوە بکات.

ڕۆژنامە ئەمریکییەکە لە زاری یەکێک لە پزشکەکانی نەخۆشحانەی حسین لە بەغدا نووسیویەتی " لە جەنگێکی نابەرابەردان بە چەکێکی زۆر خراپ و بێکەڵک، لە ژیانمدا ئاواتم ئەوە بوو ببمە پزیشک، بەڵام ئێستا زۆر پەشیمانم".

پەیامنێری واشنتۆن پۆست نووسیویەتی لە کاتێکدا ویستوویەتی سەردانی یەکێک لە نەخۆشخانەکان بکات، پاسەوانی دەروازەی سەرەکی نەخۆشخانەکە پێی وتووە "زۆر هەناسە مەدە ڤایرۆسەکە لە هەموو شوێنێک بڵاوبووەتەوە".