هەولێر.. بەهۆی کێشەی کۆمەڵایەتییەوە کەسێک کوژرا و کەسێکی دیکەش برینداربوو

22/06/2020
لە گەڕەکی تەیراوای شاری هەولێر شەر لە نێوان دوو بنەماڵەدا روویدا
فۆتۆ: ئەرشیڤ
هەولێر

پەیامنێری تۆڕی هەواڵی ژیان رایگەیاند، ئێوارەی ئەمڕۆ دووشەممە ٢٢ی٦ی٢٠٢٠، لە گەڕەکی تەیراوای شاری هەولێر شەڕ لە نێوان دوو بنەماڵەدا روویداوە و بەوهۆیەشەوە کەسێک کوژراوە و کەسێکی دیکەش بە سەختی برینداربووە.

ئاماژەی بەوەشکرد، ئەو هاوڵاتیەی گیانی لەدەستداوە لە رەگەزی مێ بووە و دوای گەیاندنی بۆ نەخۆشخانە گیانی لەدەستداوە.

ئەوەشی خستەڕوو، بەمەبەستی کۆتاییهێنان بە شەڕەکە دەستبەجێ پۆلیس و هێزە ئەمنییەکانی هەولێر گەیشتوونەتە شوێنی رووداوەکە، بەڵام ئەو دوو بنەماڵەیە رووبەڕووی هێزە ئەمنییەکانیش بوونەتەوە و شەڕ لە نێوانیان دروستبووە.

پەیامنێری تۆڕی هەواڵی ژیان راشیگەیاند، دوای چەند خولەکێک هێزە ئەمنییەکان توانیویانە دۆخەکە کۆنتڕۆڵ بکەن و چەند کەسیشیان لە شەڕکەرەکان دەستگیرکردووە.

ئەوەشی خستەڕوو، شەڕەکە لەسەر کێشەی کۆمەڵایەتی بووە و لێکۆڵینەوەی هێزە ئەمنییەکانی هەولێر لەسەر چۆنیەتی رووداوەکە دەستیپێکردووە.

ئەوەش لە کاتێکدایە، چەند رۆژ پێش ئێستا و لەناو شاری هەولێر، لەسەر یاری کۆنکەن شەڕ لە نێوان چەند گەنجێکدا روویدا و بەوهۆیەشەوە سێ کەس کوژران و دوو کەسی دیکەش برینداربوون.