وەزیری رۆشنبیری: داوا دەکەین بەرپرسیارانە مامەڵە لەگەڵ کەیسی کۆرۆنادا بکرێت، ئەگەرنا پەنا بۆ یاسا دەبەین

24/06/2020
حەمەی حەمە سەعید،وەزیری رۆشنبیری و لاوانی هەرێم
فۆتۆ: 

وەزیری رۆشنبیری و لاوانی هەرێم، ئاگاداری كەناڵەكانی راگەیاندن دەكاتەوە لەوەی لە پرسی بڵاوبونەوەی كۆرۆنادا رەچاوی بەرژەوەندی گشتی بكەن ئەگەرنا ناچار دەبن پەنا بۆ یاسا بەرن لە دژیان.

حەمەی حەمە سەعید،لە پەیامێكیدا بۆ میدیا و میدیاكاران ستایشی رۆڵی میدیاكان دەكات لە هەڵمەتی روبەڕوبوونەوەی كۆرۆنادا و دەڵێت: میدیاو میدیاكاران، بەھەموو رەنگ و دەنگە جیاوازەكانەوە ڕۆڵی بەرچاو و گەورەیان ھەبوو لەكەمپینی خۆپارێزی و وڵاتپارێزیدا.

ناوبراو هەر لەو پەیامەیدا ئاماژەی بەوە كردووە هەندێكجار دەنگی نەشاز و ناكۆك لەئاستی مەترسیەكاندا دەبیسترێ و دەبینرێ، بەو ھیوایەی ئەم كەس و لایەنانە بەویژدانەوە ئاوڕ لەئامارەكانی مردن و توشبوون بدەنەوە و لەسۆنگەی ھەستكردن بەبەرپرسیارێتی ئەخلاقییەوە بەڕێنماییە تەندروستیەكان پابەندبن.

ئەو داواشیكردووە میدیاكان خۆیان بەدوور بگرن لە یاریكردن بەبەكارھێنانی گیان و تەندروستی ھاوڵاتیان لە ململانێی سیاسیەكان و بەرژەوەندییە شەخسیەكان.

ئەو هۆشداریشیداوە لەوەی ئەگەر میدیاكان پابەندی پرەنسیپەكان نەبن "ئەوە ناچاردەبین لەپێناو پاراستنی گیانی ھاوڵاتیانی ھەرێمی كوردستان، پەنا بۆ یاسا لەم بوارەدا ببەین".