ئەنجومەنی باڵای فەتوای هەرێم: دراوە ئەلکترۆنیەکان نزیكە لە قومار و یانسیبەوە لە شەریعەتدا حەرامكراوە

25/06/2020
فۆتۆ: 

ئەنجومەنی باڵای فەتوای هەرێم فەتوایەكی نوێی لەبارەی بەكار هێنانی دراوە ئەلكترۆنیەكانەوە دەركرد و دەڵێت، بەهۆی ئەوەی پاڵپشتی یاسایی نییە و لە قومار و یانسیبەوە نزیكە بۆیە حەرامە.

ئەنجومەنی باڵای فەتوای هەرێم لە راگەیەندراوێكدا روونكردنەوە دەدات لەبارەی حوكمی شەرعی بۆ هەموو ئەو جۆرە دراوە ئەلیكترۆنیانەی ئێستا لە بازاڕەكاندا مامەڵەیان پێوە دەكرێت و هەر دراوێكی دیكەی ئەلیكترۆنی كە داهاتوودا پەیدادەبێت.

ئەنجومەنی باڵای فەتوای هەرێم لە چەند خاڵێكدا ئەو دراوانە حەرام دەكات بەهۆی ئەوەی پێیوایە هیچ پاڵپشتێكی یاسایی نییە و نزیكە لە قومار و یانسیبەوە كە لە شەریعەتدا حەرامكراوە.

جیاوازی لەنێوان ئەم جۆرە دراوانە و دراوە كاغەزییەكان:

1. زۆربەی كات دراوی كاغەزی تەنیا لەلایەن بانكە ناوەندییەكانی دەوڵەتە دانپێدانراوەكانەوە دەردەچێت، بە پێچەوانەی دراوە ئەلیكترۆنیەكانەوە، كەواتە پاڵپشتێكی یاسایی نییە .

2. نرخی ئەو دراوانە لەماوەیەكی كەمدا بەشێوەیەكی زۆر بەرچاو بەرز و نزمی دەكات و كاریگەر دەبێت بە گۆڕانكارییە زۆرەكانی بازاڕ، بەهۆی نەبوونی بنكە و دامەزراوەیەك بۆ نرخ پێدان و ئاڵوگۆڕپێكردنی و نرخ بۆ دانانی و نەبوونی هیچ بنكەیەك بۆ چاودێریكردنی و هەڵگرتنی بەرپرسیاریەتی زۆر بوونی "سیولەكەی" لە بازارەكاندا و پاڵپشتی نەكراوە بەهیچ دراوێكی بەهێز، بۆیە بەهۆی ئەو مەترسییە زۆرانەوە نزیكە لە قومار و یانسیبەوە كە لە شەریعەتدا حەرامكراوە.

3. ئەم جۆرە دراو و پارەیە لە هیچ دروستكراوە و دانەپۆشراوە بەزێڕ یان بەزیو"لە بەرانبەریدا زێڕ یان زیو دانەنراوە" وەك دراوە كاغەزییەكان.

ئەو فەتوایەی هەرێمیش لە كاتێكدایە كە دراوێكی نوێ بە ناوی پای نیتۆڕك بڕیارە لە ماوەی داهاتوودا بكەوێتە بازاڕەوە و پێشتریش هەریەكە لە دراوەكانی بیت كۆین و وەن كۆین مامەڵەیان پێوە كراوە.