دەیان کارمەندی هەواڵگری ئەمریکا و پارێزەری دۆناڵد ترەمپ کەرەنتین دەکرێن

25/06/2020
دەزگای هەواڵگری ئەمریکا ژمارەی ئەو کارمەندانەی ئاشکرانەکردووە کە تووشی کۆرۆنابوون
فۆتۆ: رۆیتەرز
ئەمریکا

لە هەڵمەتێکی بانگەشەکانی ترەمپ بۆ هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی، ئەنجامی پشکنینی کۆرۆنای دوو لە پاسەوانەکانی ترەمپ پۆزەتیڤ دەرچووە.

میدیاکانی ئەمریکا بڵاویانکردووەتەوە، فەرمانکراوە بە دەیان کارمەندی تایبەتی دەزگای هەواڵگری ئەمریکا خۆیان کەرەنتین بکەن، کە ئەرکی پاراستنی دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەو وڵاتەیان لەئەستۆیە.

ئاشکراشیانکردووە، ئەو بڕیارە دوای ئەوە دراوە کە ئەنجامی پشکنینی کۆرۆنای دوو پارێزەری دۆناڵد ترەمپ پۆزۆتیڤ دەرچووە، دوای ئەوەی لە هەڵمەتێکی بانگەشەکانی ترەمپ بۆ هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی ئەمساڵی ئەمریکا، ئامادەبوون.

هەڵمەتەکە لە شاری تۆڵسا-ی سەر بە ویلایەتی ئۆکلاهۆما بەڕێوەچووە و دوای بەڕێوەچوونی دەرکەوتووە، شەش کەس لە ئەندامانی هەڵمەتی بانگەشەکانی ترەمپ کە سەردانی تۆڵسا-یان کردووە، تووشی ڤایرۆسی کۆرۆنای نوێ بوون.

دەزگای هەواڵگری ئەمریکا هیچ زانیارییەکی لەوبارەیەوە بڵاونەکردووەتەوە، بەڵام رۆژنامەی واشنتن پۆست لە زاری سەرچاوەیەکی ئاگادار بڵاویکردووەتەوە، ئەو دوو پارێزەرە لەو شەش کەسانە بوون کە هاوکات لەگەڵ سەردانەکەی ترەمپ بۆ شاری تۆڵسا، تووشبوونیان بە ڤایرۆسی کۆرۆنا پشتڕاستکراوەتەوە.

ئاماژەی بەوەشکردووە، ئەو دوو پارێزەرە لەگەڵ دەیان کارمەندی دیکەی دەزگای هەواڵگری ئەمریکا، هەینی  رابردوو بەشداری کۆبوونەوەیەکیان کردووە کە بۆ پلاندانان و رێکخستی هەڵمەتی بانگەشەی دۆناڵد ترەمپ لە تۆڵسا رێکخرابوو.

لە سەرەتای بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنای نوێ تاوەکوو ئەمڕۆ، دوو ملیۆن ٣٠٠ هەزار حاڵەتی تووشبوون بە ڤایرۆسەکە لە ئەمریکا تۆمارکراوە کە لەو ژمارەیە ١٢١ هەزار کەس گیانیان لەدەستداوە.