لەمەودوا ئەمریكا بۆ دامەزراندنی فەرمانبەران پشت بە بڕوانامە نەبەستێت
سەرۆكی ئەمریكا فەرمانێكی بۆ شێوازی دامەزراندن لە وڵاتەكەی دەركرد و چیتر بڕوانامە مەرجی یەكەم نابێت، مەرجی یەكەمی بڕوانامەش بە شێوازێكی كۆن و لە كاركەوتوو دەزانێت.
دۆناڵد ترەمپ، فەرمانێكی نوێی بۆ حكومەتی وڵاتەكەی دەركرد كە چیتر پێویستە پشت بە لێهاتووی و ئەزمونی فەرمانبەر و كارمەند ببەستن و مەرجی یەكەم بڕوانامە نەبێت.
حكومەت رادەسپێرێت بە پێداچوونەوەی شێوازی دامەزراندن بۆ ئەوەی كارمەند و فەرمانبەری نوێ لە سەر بنەمای توانا و لێهاتوویی دابمەزرێنرێن و بەتەنیا رەچاوی بڕوانامەكانیان نەكرێت، هاوكات مەرجی بڕوانامەش بۆ دامەزراندنەكان هەر دەمێنێتەوە بەڵام پێشەنگی مەرجەكان نابێت.
ترەمپ دوای واژۆ كردنی بڕیارەكە رایگەیاند: ئێمە ئەم هەنگاوە گرنگە دەنێین بۆ ئەوەی چاكسازی لە هێزی كاری حكومەتی فیدراڵیدا بكەین دامەزراندن لەسەر بنەمای بڕوانامە كە بەڕاستی زۆر كۆن و لەكاركەوتووە.
ئەو وتیشی، لێرە بەرەودوا شێوازی دامەزراندن لەسەر بنەمای توانا و لێهاتوویی جێبەجێدەكەین. چیتر حكومەت چاوی لەسەر ئەوە نابێت بڕوانامەكە لە كام زانكۆ و خوێندنگە بەدەستهێناوە.
حكومەتی فیدراڵی ئەمریكا دوو ملیۆن و 100 هەزار فەرمانبەر وكارمەندی هەیە كە پێویستیان بە شەهادە و لێهاتووی هەیە جگە لەو فەرمانبەرانەی كە بە جیاواز مامەڵەیان لەگەڵ كراوە.
|