وتەبێژی سەربازی مستەفا كازمی: ڕێگە نادەین بە شكاندنی هەیبەتی دەوڵەت
وتەبێژی فەرماندەی گشتی هێزەچەكدارەكانی عێراق ڕایگەیاند، لێكۆڵینەوە لەگەڵ ئەو كەسانە بەردەوامە، كە لەلایەن هێزەكانی دژەتیرۆرەوە بەرەبەیانی هەینی رابردوو دەستگیر كراون و بە هیچ شێوەیەك ڕێگە نادرێت هەیبەتی دەوڵەت بكرێتە ئامانج .
یەحیا ڕەسوڵ وتەبێژ بە ناوی فەرماندەی هێزە چەكدارەكانی عێراقەوە لە لێدوانێكی ڕۆژنامەنووسیدا ڕایگەیاند، هێزەكانی دژەتیرۆر 14 كەسیان دەستگیر كردووە، كە چەند سەكۆیەكی موشیەكییان پێبووە لە یەكێك لە ناوچەكانی بەغدا و دەستگیركردنی ئەو كەسانەی موشەك دەهاوێژین بە ئامانجی گێرانەوەی هەیبەتی دەوڵەتە .
وتیشی " بە هیچ شێوەیەك ڕێگە نادرێت بە كردنە ئامانجی ناوچەی سەوزی بەغدا ".
لە بەشێكی تری وتەكانیدا وتەبیّژی قەرماندەی گشتی هێزە چەكدارەكانی عێراق ڕوونیكردەوە "لایەنە هەواڵگری و دادوەرییەكان بەردەوامن لە لێكۆڵینەوەكانیان لەگەڵ ئەو دەستگیركراوانە، سەرجەم ئەو كەسانەش كە دەستگیركراون عێراقین و هیچ كەسێكی بیانیان تێدا نییە" .
لە كۆتایی وتەكانیدا جەختیكردەوە، هێزە عێراقییەكان بە هیچ شێوەیەك ڕێگە بە كارێك نادەن ببێتە هۆی شكاندی هەیبەتی دەوڵەت و رٍێگە بە هیچ بێسەروبەریەك نادرێت لە وڵاتدا وكار بۆ سەپاندنی یاسا دەكەن .
ئەوەش لە كاتێكدایە بەرەیانی هەینی رابردوو هێزێكی دژەتیرۆری عێراق هەلیكوتایە سەر ناوچەیەكی بەغدا و ژمارەیەك چەكداری گروپی حزبوڵای عێراقیان دەستگیر كرد، كە بە نیازبوون بە موشەك وكاتیۆشا هێرش بكەنە سەر ناوچەی سەوزی بەغدا .
|