ئێران بەکارهێنانی دەمامک دەکاتە زۆرەملێ

28/06/2020
ئێران، بەکارهێنانی دەمامک دەکرێت بەزۆرەملێ
فۆتۆ: ئەرشیڤ
تاران

ڕۆحانی: بۆ ڕێگریکردنی لە زیاتر بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە ٥ی مانگی داهاتووەوە بەستنی دەمامک دەکرێتە زۆرەملێ

لە میانی کۆبوونەوەی لەگەڵ لیژنەی نیشتمانی بەرەنگاربوونەوەی کۆرۆنا، حەسەن رۆحانی سەرۆک کۆماری ئێران رایگەیاند، پێویستە سەرجەم پیشەوەران و ناوەندەکانی خزمەتگوزاری رەچاوی رێکارەکانی خۆپارێزی لە ڤایرۆسی کۆرۆنا بکەن و بەجددی رێنماییە تەندروستییەکان جێبەجێ بکەن، چونکە رێگەچارەی دووەممان نییە و لەم هەلومەرجەدا تەنیا دەبێ وریا بین و پابەندی رێنماییەکان بین.

ڕۆحانی جەختی لە بەزۆرەملێکردنی بەکارهێنانی دەمامک لە شوێنە گشتی و داخراوەکان کردەوە و ڕایگەیاند: ئێمە دەبێ رێوشوێنی پێویست بۆ بەکارهێنانی دەمامک لە ٥ی مانگی داهاتووە بۆ ماوەی دوو هەفتە بگرینەبەر و ئەگەر پێویستیشی کرد، ماوەکەی درێژدەکەینەوە.

سەرۆک کۆماری ئێران بە ئاماژەپێدان بە بڕیاری ئامادەکاریی مادەی یاسایی چاودێری بەسەر گردبوونەوەکان لە لایەن وەزارەتی ناوخۆی وڵاتەکەی، رایگەیاند، بڕیارە مادەیەکی یاسایی بە هەماهەنگی دەزگای داد پەسند بکرێت و تێیدا ڕوونبکرێتەوە کە ئەو دەزگایە لە دەرەوەی چوارچێوەی ئەرکەکانی خۆی، یارمەتیمان بدات بۆ گرتنەبەری ڕێوشوێنێک لە پێناو کۆنتڕۆڵ و ناچارکردنی دانیشتووانی ئەو ناوچانەی کە کۆرۆنا بەزۆری تیایاندا بڵاوبووەتەوە، دەمامک بەکاربهێنن.

بەپێی دواین ئاماری وەزارەتی تەندروستی ئێران، لە سەرەتای بڵابوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا تاوەکوو ئەمڕۆ، ٢٢٢ هەزار و ٦٦٩ کەس لەو وڵاتە تووشی کۆرۆنا بوون و لەو ژمارەیەش ١٠ هەزار و ٥٠٨ کەس بە ڤایرۆسەکە گیانیان لەدەستداوە.