سێ ژینگەپارێژی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لەکاتی کوژاندنەوەی ئاگری دارستانەکان گیانیان لەدەستدا

28/06/2020
سێ ژینگەپارێژی کورد لەکاتی کوژاندنەوەی ئاگری دارستانەکان گیانیان لەدەستدا
فۆتۆ: تۆڕی میدیایی ژیان
رۆژهەڵآتی کوردستان



میدیاکانی رۆژهەڵاتی کوردستان بڵاویانکردەوە، ئێوارەی ئەمڕۆ یەکشەممە ٢٨ی٦ی٢٠٢٠، سێ چالاکی ژینگەپارێزی خەڵکی شاری پاوە لە کاتی کوژاندنەوەی ئاگر لە کوێستانەکانی پاوە گیانیان لەدەستداوە .

 ناسنامەی ئەو سێ کەسە بە ناوەکانی موختار خەندانی خەڵکی نەوسوود ، بیلال ئەمینی خەڵکی ناوچەی ئێناخی و دانیشتووی پاوە و سۆران مەحموودی خەڵکی شمشێر، بڵاوبووەتەوە.

موختار خەندانی وتەبێژ و ئەندامی لێژنەی بەڕێوەبەری و ئەندامی کۆمیتەی ئۆپەراسیۆنی ژینگەپارێزی (ژیوای)ی شار پاوە بوو .

ئاشکراشیانکردووە، ئەو سێ کەسە لە کاتی کوژاندنەوەی ئاگر لە ناوچە پارێزراوەکانی بوزین و مەرەخێڵ گیانیان لە دەست داوە .

میدیاکانی رۆژهەڵاتی کوردستان ئاماژەیان بەوەشکردووە، هەر لەکاتی کوژاندنەوەی ئاگری دارستانەکانی پاوە، دوو کەسی دیکە بە ناوەکانی عارف خودادای خەڵکی جوانڕۆ و جەمیل عەبدی خەڵکی سەلاسی باوەجانی بریندار بوون .

ماوەی چەند ساڵێکە، رووداوی ئاگرکەوتنەوە لە دارستانەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان جگە لە زیانی ماددی، زیانی گیانیشی لێدەکەوێتەوە و هاوشێوەی ئەو رووداوەی ئەمڕۆ، ٢٥ی ئابی ٢٠١٨، شەریف باجوەر چالاکی ژینگەپارێز و ئەندامی ئەنجومەنی سەوزی چیا-ی مەریوان، لەگەڵ دوو لە هاوڕێکانی لەکاتی کوژاندنەوەی ئاگری دارستانەکانی مەریوان بەشێوەیەکی تەمومژاوی گیانیان لەدەستدا.