بەهۆی ژێرئاوکەوتنی بەلەمێک لە تورکیا نزیەکەی 100 کۆچبەر خنکان

01/07/2020
ژێرئاوکەوتنی بەلەمێک لە کەناراوەکانی تورکیا
فۆتۆ: ئەرشیڤ
ئەنکەرە

دەزگای لوتکە تایبەت بە کۆچ و کۆچبەران رایگەیاند، بەهۆی ژێرئاوکەوتنی بەلەمێک لە تورکیا نزیەکەی 100 کۆچبەر خنکان.

کوردە یەشار، نوێنەرى دەزگاى لوتکە لە تورکیا ڕاگەیاند، بەلەمێکى کۆچبەران کە نزیکەى 100 کۆچبەرى تێدابووە، لە کەناراوەکانی شارى وانى تورکیا ژێرئاوکەوتووە.

ئاماژەى بەوەشکرد، هیچ کۆچبەریک لە ڕووداوى نقومبوونى بەلەمەکە ڕزگارى نەبووە و سەرجەمیان گیانیان لەدەستداوە.

ئەوەشی خستەڕوو، تاوەکو ئێستا تەرمى پێنج لەو کۆچبەرانەى کە لە ناو بەلەمەکەدابوون بە خنکاوى دۆزراونەتەوە و چارەنوسى ئەوانی تر نادیارە.

وتیشی، تیمە فریاگوزارییەکان و پۆلیسى دەریاوانى تورکیا بەردەوامن لە گەڕان بەشوێن تەرمى کۆچبەران و بەلەمە نقومبووەکە .

ئاشکراشیکرد، بەپێى ئەو زانیاریانەى کە لە دەزگاى کۆچ و کۆچبەرانى تورکیاوە دەستیانکەوتووە، سەرجەم ئەو کۆچبەرانەى کە لە ناو بەلەمەکەدابوون ، هاوڵاتى ئەفغانى و پاکستانى و بەنگلادیشی بوون و هیچ هاوڵاتییەکی عێراقی و ئیرانی و بە تایبەتیش کوردیان تێدا نیە .

کوردە یەشار، نوێنەرى دەزگاى لوتکە لە تورکیا ڕاشیگەیاند، دەزگاکەیان بەردەوام لە پەیوەندیدایە لەگەڵ وەزارەتی کۆچ و کۆچبەرانی تورکیا  بۆ گواستنەوەی زانیاریەکان لەسەر چۆنیەتی و دۆزینەوەی قوربانیانی ڕووداوەکە .