ڕوسیا دەستیكرد بەهەناردەكردنی دەرمانی چارەسەری تووشبوانی كۆرۆنا

02/07/2020
فۆتۆ: 

سندوقی وەبەرهێنانی ڕوسیا ئاشكرایكرد، سندوقەكە و گروپی كۆمپانیاكانی "خیم ڕار" دەستیانكردووە بە هەناردەكردنی دەرمانی" ئاڤیفاڤێر"ی تایبەت بە چارەسەركردنی تووشبووانی كۆرۆنا .

بە گوێرەی هەواڵی میدیاكانی ڕوسیا دەرمانەكە لە مانگی حوزەیرانی رابردوودا هەناردەی بیلاروسیا كراوە و بەم نزیكانەش هەناردەی وڵاتی گازاخستانیش دەكرێت .

ئەو سندوقە ڕوسیە كە كاری وەربەرهێنان لە دەرمانەكەدا دەكات لە بەیاننامەیەكدا ڕایگەیاند، لە یەكەمجاردا توانراوە 100 هەزار خول لەو دەرمانە بەرهەمبهێنێت، كە هەرچەندە سەرەتا بڕیار بوو 60 هەزار خولی لێ بەرهەمبهێنرێت .

بە گوتەی كۆمپانیاكە لە مانگی ڕابردوودا تونراوە دەرمانەكە بەسەر 35 هەرێم لە سەرانسەری ڕوسیا و بیلا ڕوسیادا دابەشبكرێت .

لە ئێستاشدا چەند دەوڵەتێكی جیهان لە گفتوگۆدان لەگەڵ ڕوسیا، بە مەبەستی كڕین و هاوردەكردنی دەرمانی ئاڤیفاڤێر بۆ وڵاتەكانیان، بە تایبەت ژمارەیەك لە دەوڵەتانی ئەمریكای لاتین و چەند وڵاتێكی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست كە یەكێكیان عێراقە .