فەڕەنسا سزای 30 ساڵ زیندانی بەسەر ئەمیرێکی پێشووی داعشدا سەپاند

04/07/2020
فەڕەنسا سزای 30 ساڵ زیندانی بەسەر ئەمیرێکی پێشووی داعشدا سەپاند
فۆتۆ: ئەسۆشێتدپرێس
پاریس

دادگای پاریس سزای 30 ساڵ زیندانی بەسەر تایلەر ڤیلۆس ئەمیری پێشووی داعش لە سوریا، سەپاند.

میدیاکانی فەڕەنسا بڵاویانکردەوە، ٢٥ی مانگی رابردوو دادگاییکردنی تایلەر ڤیلۆس لە پاریسی پایتەختی ئەو وڵاتە دەستیپێکردووە و رۆژی رابردووش بە ٣٠ ساڵ زیندانی سزادراوە.

ئاماژەیان بەوەشکردووە، داواکاری پاریس داوای سەپاندنی سزای زیندانی هەتاهەتایی بەسەر ئەو تۆمەتبارەدا کردبوو، بەڵام دادگا سزاکەی بۆ ٣٠ ساڵ زیندانی کەمکردووەتەوە.

تایلەر ڤیلۆس بە تۆمەتی دست تێدابوون لە تاوانەکانی داعش لە ساڵەکانی ٢٠١٣ بۆ ٢٠١٥ لە سوریا، دادگایی کراوە.

لە گرتەڤیدیۆیەکدا  کە ساڵی ٢٠١٥، رێکخراوی داعش بڵاویکردەوە، دەردەکەوێت دوو زیندانی بە دەست و چاوی بەستراوەوە لەلایەن دوو چەکداری داعشەوە تەقەیان لێدەکرێت و دەکوژرێن، کەمێک دوورتر لەوان تایلەر ڤیلۆس بە چەک و نیقابەوە راوەستاوە و فەرمانی کوشتنەکەیان جێبەجێ دەکات.

لە لێکۆڵینەوەکاندا، ڤیلۆس دانی بەوەداناوە کە پەیوەندی لەگەڵ عەبدولحەمید ئاباعود هەبووە، ئەو کەسەی دەزگا ئەمنییەکانی فەڕەنسا بە پیلانداڕێژەری سەرەکی هێرشەکانی مانگی ٢ی ٢٠١٥ لەو وڵاتە لەقەڵەمیدەدەن.

بەپێی لیکۆڵینەوەکانی پۆلیسی فەڕەنسا، تایلەر ڤیلۆس راستەوخۆ دەستی لە کوشتنی بارمتەکانی داعشدا هەبووە و ماوەیەکیش ئەمیری چەکدارە فەڕەنسییەکانی ناو رێکخراوەکە لە سوریا بووە.