پۆلیسێکی تۆمەتبار لە کوشتنی جۆرج فلۆید بە 750 هەزار دۆلار ئازادکرا

06/07/2020
توو تاو پۆلیسێکی تۆمەتبار لە کوشتنی جۆرج فلۆید
فۆتۆ: ئەسۆشێتدپرێس
واشنتن

پۆلیسێکی تۆمەتبار لە کوشتنی جۆرج فلۆید بەپێدانی 750 هەزار دۆلار ئازادکرا و لەئێستادا سێ لە چوار پۆلیسە تۆمەتبارەکان، زیندانیان جێهێشتووە.

بەپێی تۆمارەکانی زیندانی هەرێمی هێنپن کاتژمێر 11ی پێشنیوەڕۆی رۆژی شەممە ٤ی٧ی٢٠٢٠، یەکێکی دیکە لە چوار پۆلیسە تۆمەتبارەکەی کوشتنی جۆرج فلۆید شوێنی دەستبەسەرکردنی جێهێشتووە.

هەر چوار پۆلیسە تێوەگلاوەکەی کوشتنی جۆرج لەلایەن بەرێوبەرایەتییەکەیان لەکارەکەیان دوورخراونەتەوە و چەندین تۆمەتیشان ئاراستەکراوە.

هەریەکە لە توو تاو، جەی ئەلکساندەر کوینگ و تۆماس لەین، بەکەفالەتی 750 هەزار دۆلار لە ئێستادا زیندانیان جێهێشتووە، تۆمەتبارن بە هاوکاریکردن و بەشداربوون لە کوشتنی پلە دوو، هەروەها بەشداربوون و هاوکاریکردن لە کوشتنی بێ مەبەست و پشتگوێ خستنی تۆمەتبار.

دێرک شۆڤان، کە وێنەیگیراوە لەکاتێکدا ئەژنۆی لەسەر ملی جۆرج فلۆید داناوە، تۆمەتبارە بە کوشتنی پلە دوو و سێ، هەروەها کوشتنی بەهەڵە بەهۆی پشتگوێخستنی ئەرکەکەی، تائێستا دەستبەسەرە لە زیندانی ئۆک پارک هاتیس بە کەفالەتی 1.2 ملیۆن دۆلار، بەپێی بڵاوکراوەکانی ڕۆژنامەی منیاپۆلس ستار تربیۆن.

توو تاو، کە ڕۆژی شەممە بە کەفالەتی مەرجداری 750 هەزار دۆلار ئازادکراوە، نازاندرێت ئەفسەرێکی ئاسایی لەکاردورخراوە چۆن توانیویەتی ئەو بڕە پارەیە دابینبکات.

تاو دوای ئەوەی چووەتە بنکەی پۆلیس، ساڵی 2009 بەهۆی کەمبوونەوەی بودجە بەشیوەیەکی کاتی تەسریح کراوە و لە ساڵی 2012 دا گەرێندراوەتەوە سەر ئەرکەکەی.

لەو ماوەیەدا شەش سکاڵای ئەخلاقی لەسەر تۆمارکراوە و تائیستاش یەکێک لە کەیسەکانی بەکراوەیی ماوەتەوە.