مێژووی بەرهەمهێنان و بڵاوبوونەوەی تەماتە

07/07/2020
فۆتۆ: 

تەماتە ئەو سەوزەیەی یان وەک هەندێک دەڵێن ئەو میوەیەی کە بەشێوەیەکی نمیچە ڕۆژانە دەبێت لە هەموو ماڵێکدا بوونی هەبێت، هەر کە باسی لێنانی هەر چێشتێکی شلە دەکرێت، دەبێت تەماتەش بوونی هەبێت.

تەماتە لە خێزانی بەروبومە باینجانییەکانە بە زۆری لە ناوچە مامناوەندی و گەرمەکان دەڕوێت و گەشە دەکات، ناوە زانستیەکەی Solanum lycopersicum ، ناونانی تەماتە لە زمانی گەلی "ئیزتیک"ی مەکسیکەوە هاتووە، کە بەو بەربومەیان وتووە  تۆماتۆل (tomatl )، لە هەندێک وڵاتی ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باکوری ئەفریقا بە تەماتە دەوترێت بەنەدۆرە، کە لە زمانی ئیتالیاوە وەرگیراوە.

نابێت ئەوەشت لە یاد بچێت کە تەماتە یەکێکە لەو بەرهەمە رووەکیانەی کە بە سەرچاوەیەکی دەوڵەمەندی کانزا و ڤیتامینەکان و خوێ کانزانییەکان و کاربۆهێدرات و رەنگە سروشتییەکان دادەنرێت بۆ جەستەی مرۆڤ.

توێژینەوە پزیشکییە نوێیەکان ئاماژە بەوە دەکەن تەماتە کاریگەرییەکی بەرچاوی هەیە لەسەر کەمکردنەوەی نیشانەکانی نەخۆشی شەکرە و پارێزگاریکردن لە فشاری خوێن و خوێنبەرەکان و بەربەرەکانێی نەخۆشیە جیاجیاکان شێرپەنجە، بەهێزکردنی دەزگای هەرس و پارێزگاریکردن لە چاوەکان.

نیشتیمانی یەکەمی تەماتە بەرزاییەکانی خۆرئاوای ئەمریکای لاتینە

کە ئێستا بە وڵاتانی پیرۆ و ئیکوادۆر ناسراوە، بە دیاریکراویش ٢٠ هەزار ساڵ لەمەوبەر شوێنی ئەم ڕووەکەی تیا دۆزراوەتەوە.

ئەم بەرهەمە کشتوکاڵیە لەسەردەستی هیندیە سورەکان گواستراوەتەوە بۆ وڵاتی مەکسیک، تۆی تەماتەی ناوچەکانی ئەمریکای ناوەڕاست بە سەرچاوەی هەموو جۆرە تەماتەکانی ئەمڕۆ دادەنرێت، کە لە سەرانسەری جیهاندا بەشێوە و قەبارەی جیاواز هەیە.

زۆرێک لە میژوونووسان کۆکن لەسەر ئەوەی دوای داگیرکردنی

شاری ئەزتیک شوێنی مەکسیکۆ سیتی پایتەختی ئێستای مەکسیک لە ساڵی ١٥٢١، "کورتس" گەریدەی ئیسپانی یەکەم کەس بووە تۆی تەماتەی گواستووەتە بۆ ئەوروپا، هەندێکیش دەڵێن کریستۆفەر کۆلۆمیس ئەو کەسەی بۆ یەکەمجار کیشوەری ئەمریکای ئاشکراکرد، یەکەم ئەوروپی بووە لە ساڵی ١٤٩٣ تۆی تەماتەی گواستووەتەوە بۆ ئەوروپا

مانیۆلی مێژوونووسی ئیتالی یەکەم کەس لە ساڵی ١٥٤٤ باسی لە بوونی تەماتە کردووە لە ئەوروپا.

بەهۆی ئەو گۆڕانکارییە بەسەر ڕەنگی بەرهەمی تەماتەدا دێت تا پێ دەگات لەسەرەتاوە خەڵک ترساوە لەوەی کە ڕوەکێکی ژەهراوی بێت.

تەماتە لە تورکیا و ناوچەی خۆڕهەڵاتی ناوەڕاست کە کوردستانیش بەشێکە لێی، تا سەردەمی داگیرکارییەکانی بەریتانیا لە دوای جەنگی یەکەمی جیهان بوونی نەبووە، دواتر لە ساڵی ١٩١٧ بەدواوە جوتیارەکان لە دەشتاییەکانی تورکیا و ئوردن و پارێزگای دیالەی عێراق لە شارەکانی بەعقوبە و مەندەلی چاندوویانە.

کاتێک بەرهەمەکەی چووەتە بازاڕەکانی بەغدا خەڵک لێی ترساون بە بەرهەمێکی ژەهراویان زانیووە و دواتر ناونراوە بە "پرتەقاڵی ئینگلیزی".

بەڵام دوای ئەوەی خەڵک لێی شارەزا بووە، بووەتە پێکهاتەکی سەرەکی چێشتخانەی عێراقی.

بەپێی ئاماری وەزارەتی كشتوكاڵ، هەرێمی كوردستان ساڵانە پێویستی بە نزیكەی 185 هەزار تۆن تەماتەیە، توانای بەرهەمهێنانی كێڵگەكانی ناوخۆش هیچ ساڵێك نەگەیشتووەتە نیوەی ئەم بڕە، بۆیە ناچارە بۆ پڕکردنەوەی پێداویستی ناوخۆیی تەماتە هاوردە بکرێت.

ڕێکخراوی کشتوکاڵ و خۆراکی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان ناسراو بە فاو، لە ڕاپۆرتی ساڵی ٢٠١٩ی خۆیدا ڕیزبەندی کردووە بۆ ئەو وڵاتانەی کە زۆرترین بەرهەمی تەماتەیان هەیە ساڵانە لەسەر ئاستی جیهان کە ئەمانەی خوارەوەن:

چین لە پلەی یەكەمدایە و ساڵانە بڕی 56 ملیۆن ە 423 هەزار تۆن بەرهەم دەهێنێت.

هیندستان بە پلەی دووەم دێت و ١٨ ملیۆن و ٤٠٠ هەزار تۆن.

ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا ١٣ ملیۆن و ٣٨ هەزار تۆن.

تورکیا ١٢ ملیۆن و ٦٠٠ هەزار تۆن.

میسر ٧ ملیۆن و ٩٤٣هەزار تۆن.

ئیتالیا ٦ ملیۆن و ٤٣٧ هەزار تۆن.

ئێران ٦ ملیۆن و ٣٧٢ هەزار تۆن.

ئیسپانیا ٤ ملیۆن و ٦٧١ هەزار تۆن.

بەرازیل ٤ ملیۆن و ١٦٧ هەزار تۆن.

مەکسیک ٤ ملیۆن و ٤٧ هەزار تۆن.

ڕوسیا ٣ ملیۆن  تۆن.

ئۆزبەگستان ٢ ملیۆن و ٦٤٨ هەزار تۆن.

نەیجیریا ٢ ملیۆن و ٢٤٣ هەزار تۆن.

ئۆکرانیا ٢ ملیۆن و ٢٢٩ هەزار تۆن.

پرتوگال ١ ملیۆن و ٦٩٣ هەزار تۆن.

تونس ١ ملیۆن و ٣٠٣ هەزار تۆن.

جەزائیر ١ ملیۆن و ٢٨٠ هەزار تۆن.

مەغریب ١ ملیۆن و ٢٣ هەزار تۆن.

کامیرۆن ١ملیۆن و ١٨ هەزار تۆن.

یۆنان ١ ملیۆن و ٤ هەزار تۆن.

ئەوەی جێی سەرنجە لەم ڕاپۆرتەدا ئەوە، هەرچەندە سەرەتای سەرهەڵدانی چاندنی ڕووەکی تەماتە دەگەڕێتەوە بۆ وڵاتی مەکسیک، بەڵام ناوی لە ناوەڕاستی لیستەکەدا و بە نۆهەمین وڵات دێت  لە بەرهەمی تەماتەدا، جگە لەوەش عێراق بە یەکێک لە وڵاتە پێشینەکانی ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دادەنرێت کە بۆ یەکەمجار تەماتەی تیا بەرهەم هاتووە، بەڵام بە هیچ شێوەیەک ناوی لەناو لیستەکەدا نەهاتووە و ساڵانە ناچارە بە سەدان تۆن تەماتە لە ئێران و تورکیا و وڵاتانی دیکەوە هاوردە بکات، ئەویش بەهۆی پشتگوێخستنی کەرتی کشتوکاڵەوە بەرهەمی ناوخۆیی توانای پڕکردنەوەی داوای بازاڕەکانی خۆی نییە.