گرفتەکانی کەمبوونەوەی کارەبای نیشتیمانی چارەسەرکرا

25/06/2023
فۆتۆ: 

وەزارەتی سامانە سروشتییەکان رایگەیاند، گرفتی تەکنیکی لە کێڵگەی کۆرمۆر چارەسەرکرا ئاستی بەرهەمهێنانی کارەبا دەگەڕێتەوە ئاستی رۆژانی پێشوو.

ئەمڕۆ یەکشەممە ٢٥-٦-٢٠٢٣ وەزارەتی سامانە سروشتییەکانی هەرێم ڕایگەیاند،"گرفتی تەکنیکی لە کێڵگەی کۆرمۆر چارەسەرکرا ئاستی بەرهەمهێنانی کارەبا دەگەڕێتەوە ئاستی رۆژانی پێشوو".

ئەوەش لەکاتێکدایە، شەوی رابردوو کارەبای سلێمانی رایگەیاند: " بەهۆی گرفتی تەکنیکییەوە لە پرۆسەی گواستنەوەی شلەی غاز لەلایەن کۆمپانیای گواستنەوەوە بۆ ناو کۆگاکانی وەزارەتی سامانە سرووشتییەکان، ئاستی غازی شل لەناو کێڵگەی کۆرمۆر بەرزبووەتەوە و مەترسی لەسەر کێڵگەکە دروست کردووە. بەوهۆیەوە بەرهەمهێنانی کارەبا ١٨٠٠ مێگاوات کەم بووەتەوە".

هەرێمی کوردستان چوار هەزار و ٢٠٠ بۆ چوار هەزار و ٣٠٠ مێگاوات کارەبا بەرهەم دەهێنێت، کە ٧٥%ـی لە رێگەی سووتەمەنییەوەیە؛ بەڵام لە وەرزی هاویندا بۆ کارەبایەکی ٢٤ کاتژمێریی هەرێمی کوردستان پێویستی بە پێنج هەزار و ٥٠٠ مێگاوات کارەبایە.