عەلی قەرەداغی لەبارەی ئایا سۆفیا پشتیوانی بڕیارەكەی ئەردۆغان دەكات

11/07/2020
فۆتۆ: 

ئەمینداری گشتیی یەكێتی جیهانی زانایانی مسوڵمان رایگەیاند، بە گۆڕینی ئایاسۆفیا بۆ مزگەوت "كاردانەوە و نەفرەتی دڵ نەخۆشەكانی لە رۆژهەڵات و رۆژئاوای دەرخست".

عەلی قەرەداغی لە تویتێكدا لە هەژماری خۆی لە تویتەر پشتیوانی بڕیاری كردنی ئایاسۆفیای بۆ مزگەوت كرد و رایگەیاند، لە ئەندەلوس، هیندستان و قودس مزگەوتەكان دەگۆڕدرێن بۆ كەنیسە و یانەی شەوانە و پایتەختی یەهودییەكان، رۆژهەڵات و رۆژئاوا ئیدانەی ئەو تاوانانە ناكەن. 
ئەمینداری گشتیی یەكێتی جیهانی زانایانی موسڵمان كە بە یەكێك لە پشتیوانانی سەرۆك كۆماری توركیا ناسراوە لە جیهانی ئیسلامیدا، ئاماژە بەوە دەكات بەرامبەر سەرجەم ئەو گۆڕانكاریانەی لە مزگەوتەكاندا دەكرێن هیچ دەنگێكی ناڕەزایی لە رۆژهەڵات و رۆژئاوا بۆ ئیدانەكردنی ئەو تاوانانەمان نەبیست.
قەرەداغی ئاماژەی بەوەشكردووە، مۆزەخانەی ئایاسۆفیا دەكرێت بە مزگەوت كاردانەوە و نەفرەتی دڵ نەخۆشەكانی لە رۆژهەڵات و رۆژئاوای دەردەكەوێت، جەختیش دەكەنەوە ئەو هەنگاوەی توركیا گەڕانەوەی ئایاسۆفیایە بۆ بنەمای راستەقینەی خۆی كە مزگەوتە.
ئەوەش لە كاتێكدایە دوێنی بە بڕیاری سەرۆك كۆماری توركیا ئەو مۆزەخانەیە كرا بە مزگەوت و چیتر وەك مۆزەخانە بەكار ناهێندرێت.