سلێمانی.. ٤٠٠ کەس لە چاکبووانی کۆرۆنا پلازمای خوێنیان بەخشیوە

11/07/2020
بەخشینی پلازمای خوێن لەلایەن هاوڵاتییەکەوە
فۆتۆ: ئەرشیڤ
سلێمانی

وتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی گشتی تەندروستی سلێمانی رایگەیاند، تائێستا ٤٠٠ کەس لە چاکبووانی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە سلێمانی پلازمای خوێنیان بەخشیوە.

د. یاد نەقشبەندی وتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی گشتی تەندروستی سلێمانی رایگەیاند، ژمارەی ئەو هاوڵاتیانەی دوای چاکبوونەوەیان لە ڤایرۆسی کۆرۆنا پلازمایان بەخشیوە لە شاری سلێمانی، تاوەکو ئەمڕۆ شەممە ١١ی ٧ی٢٠٢٠، گەیشتووەتە ٤٠٠ کەس.

بەپێی دواین ئاماری وەزارەتی تەندروستی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لە سەرەتای بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنای نوێ COVID-19 تاوەکو ئەمڕۆ، هەشت هەزار و ٩٣٧ حاڵەتی تووشبوون بە ڤایرۆسەکە لە هەرێم تۆمارکراون، لەو ژمارەیەش ٣٠٥ کەس گیانیان لەدەستداوە و سێ هەزار و ٢١١ کەسیش چاکبوونەتەوە و پەتاکەیان پەڕاندووە.